جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواخرا

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ کاتژمێر 11ـی ئەمشەو دواخرا.

وابڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) کۆببێتەوە بەڵام بۆ کاتژمێر 8ـی شەو دواخراو و بۆ جاری دووەم بۆ کاتژمێر 11ـی شەو دواخرا.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک پەرلەمانتار لەناو هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادەبوون بەڵام بەڵام ژمارەیان نەگەیشتووەتە نیسابی یاسایی، هەرچەندە سەرۆک و هەردوو جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانیش لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا ئامادەن.

لەلایەن خۆیەوە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کورستان لە بودجەی گشتی نییە و رێککەوتنی لەسەر کراوە.

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر داڕشتنەوەی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە ئەو پشێنیازەی ئێستا هەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیداڵی و هەرێمی کوردستان کراوە و دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژەیاساکە ئەنجامی دابوو.

ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە لێرە بخوێنەوە.

هەر ئەمشەو لە پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنە کوردییەکان کە پێکهاتبوون لە پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ کۆبوونەوە و بەگوێرەی لێدوانی پەرلەمانتارانی ئەو فراکسیۆنانەش لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لەناو هۆڵی پەرلەماندا بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە ململانێ و ناکۆییەکانیان وەلابنێن.

دوێنێ شەو (7ـی حوزەیرانی 2023)، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوە و دوایین گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کردووە کە وەک پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە راگەیەندرا، رۆژی پێنجشەممە (8ـی حوزەیرانی 2023) دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتوون لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و دەنگی پێبدەن.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. 

گرنگترین زانیارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئامادەکراوە، لێرە بخوێنەوە.