موعین کازمی: لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رێککەوتن

موعین کازمی، لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن
موعین کازمی، لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن

K24 - هەولێر:

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەینێت، لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رێککەوتن، هاوکات راشیگەیاند، پارتی یەکێتی و  لە ئێستادا لە کۆبوونەوەدان بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی سلێمانی لە بودجەدا.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگەرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، گفتوگۆکان لە بارەی ماددەکانی 13 و 14 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هەروەها ئەوان لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمەوە رێککەوتن، هەروەها لەسەر کردنەوەی هەژمارەی بانکیش رێککەوتن بۆ داهاتی نەوتی هەرێم کە بخرێتە ناویەوە لەژێر سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیراندا بێت.

هەروەها راشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان رازی نەبوو کە پشکی سلێمانی بە جیا بنێردرێت، وای لێکداوەتەوە کە ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە ئێستادا گفتۆگۆکان لە نێوان لایەنی پارتی و یەکێتی هەیە بۆ ئەوەی بگەنە لێکتێگەشتن لەسەر ئەو پرسە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، ئیستاش لیژنەی دارای پەرلەمان لە کۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێکردنی بڕگەکانی پرۆژە یاسای بودجە.

ئاماژەی بەوەشدا، "هەموو ماددەکان رێککەوتنی لەسەر کراوە ئەوەی ماوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لە بارەی شایستەی داراییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئێمە پێویستە شێوازێکی دادپەروەرنە لە نێوانیان جێبەجێبکەین ئیستاش گفتوگۆکان لەو بارەیە بەردەوامن".

موعین کازمی، جەختی لەوەشکردەوە، لەو باوەڕەدام دانیشتنی پەرلەمان بکەوێتە درەنگانی ئەمشەو، هەروەها کاتێکی زۆری دەوێ چونکە خوێندنەوەی پرۆژە یاساکان یەک لە دوای کاتێکی زۆری دەوێت.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.