یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی كوردستان به‌ره‌و سعوودیه‌ به‌رێكه‌وتن

K24 - هەولێر:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هه‌ینی 9ـێ حوزه‌یرانی 2023، یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی كوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج به‌رێگای وشكانی به‌ره‌و سعوودیه‌ به‌رێکەوتن، كه‌ ژماره‌یان 690 حاجییه‌.

حاجیانی هه‌ولێر و دهۆك به‌رەبەیانی ئەمڕۆ له‌ ده‌روازه‌ی پردێ و حاجیانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیانیش له‌ رێگه‌ی چیمه‌نه‌وه‌ دەچنە کەرکووک و لەوێوە یەکدەگرن و بەرەو باشووری عێراق بەڕێدەکەون.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتە ئاسمانییەکانی حاجیان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومڕه‌ سەر بە وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووە، رۆژی 12/6/2023 یه‌كه‌م كاروانی حاجیان به‌ رێگه‌ی ئاسمانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانیه‌وه‌ به‌ره‌و سعوودیه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ كاروان ستوونی گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ته‌واوی حاجییانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانه‌ی به‌ رێگه‌ی وشكانییه‌وه به‌نیازن فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن، به‌ یه‌ك قۆناغ‌ گه‌شت ده‌كه‌ن.