میسر؛ وردەکاری کوژرانی گەشتیارێکی رووسی لەلایەن قرشێکەوە

K24 -هەولێر:

رۆژی پێنجشەممە 8ـی حوزەیرانی 2023، گەشتیارێکی رووسی لە شاری غەردقە کە دەکەوێتە سەر دەریای سوور لە رۆژهەڵاتی میسر، لەلایەن قرشێکەوە پەلامار دەدرێت و دەکوژرێت.

ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، گەشتیارێکی رووسیە بەناوی ڤلادیمیر پۆپۆڤ.

کونسوڵخانەی گشتی رووسیا لە غەردقە هۆشداری دا بە گەشتیارە رووسیەکان، چیتر نزیکی سنوورە ئاوییەکان نەکەونەوە، داواشی کرد پابەندی یاساکانی مەلەکردن بن کە لەلایەن حکومەتی میسرەوە دەرکراون.

ڤیکتۆر ڤۆرۆپایڤ، کونسوڵی رووسیا لە غەردەقە رایگەیاند، ئەو گەشتیارە رووسیەی قرشەکە پەلاماری داوە، تەمەنی 24 ساڵە و سەرەتای ئەم مانگە هاتووەتە میسر.

محەممەد سالم، بەرپرسی کەرتی پاراستنی سروشت لە وەزارەتی ژینگەی میسر لەوبارەیەوە رایگەیاند، هێرشی قرشەکان بۆ سەر مرۆڤ شتێکە کە ئەگەری روودانی هەیە، لە حاڵەتە ئاساییەکاندا کاتێک قرشێك گاز لە کەسێک دەگرێت و بۆی دەرکەوێت کە یەکێک نییە لە سەرچاوە سروشتییە ناسراوەکانی بۆ خۆراک، ئەوا وازی لێ دەهێنێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەری، ئەمە واتە ناهاوسەنگییەکی هەیە.

ئەو قرشەی پەلاماری گەشتیارە رووسیەکەی داوە، لەجۆری قرشی (تایگەر) 'پڵنگ'ـەو، بە دەریای سوور نامۆ نییە، بەڵام رەفتاری شەڕانگێزانەی بەرانبەر بە مرۆڤ نائاساییە.

بە گوێرەی میدیاکانی میسر، قرشەکە راوکراوە و توێکاری بۆ کراوە، بۆئەوەی بزانرێت بۆچی پەلاماری مرۆڤی داوە، لەکاتێکدا مرۆڤ یەکێک نییە لە سەرچاوە خۆراکییەکانی.

قرشی تایگەر 20 بۆ 50 ساڵ دەژی، درێژییەکەی دەگاتە شەش مەتر و لەسەر خواردنی ماسی بچووک، دۆلفین و کیسەڵی دەریایی دەژی، هەندێك جار تەنانەت قرشی لەخۆی بچووکتریش دەخوات.