رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کارەساتی مرۆیی لە ئۆکرانیا دەدات
K24 - هەولێر:
تەقینەوەی بەنداوەکەی ئۆکرانیا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دروستکردووە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی لە ئۆکرانیا دەدات.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، تەقینەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا لە باشووری ئۆرانیا بووەتە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و هاووڵاتیان لە نەبوونی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەکە مەترسیدارە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی لە ئاوەوە دروستدەبن، هاوکاردەبێت و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.
لەلایەکی دیکەوە جولی کۆزاک، گوتەبێژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، تێکشکانی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤا کارەساتێکی مرۆییە و لەگەڵ بەرپرسانی خیرسۆن لە پەیوەندی بەردەوامدان.
راشیگەیاند، زۆر نیگەرانن سەبارەت بە کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تەقینەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا لە خێرسۆن.