شەریف سلێمان: هەوڵێکی جددی هەیە ئەمرۆ پرۆژە یاسای بودجە پەسەند بکرێت

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە و هەوڵێکی جددی هەیە ئەمرۆ پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەوەین گشت مووچە پاشەکەوتکراوەکان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێنەوە.

شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە بە مەبەستی گەیشتنە رێککەوتن بۆ پەسەنکردنی پرۆژە یاسای بودجە.

هەروەها راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق چەندین ماددە پەسندکران ئەوە جێگای دڵخۆشی بوو، هەرچەندە ماددەی دوو دواخرا و ماددەی چواریش لابرا.

ئەو ئەندامە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەوەی بەوەدا، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بودجە پەسەندبکرێت بە شێوەیەکی دەستووری و یاسایی، مافی هەموو گەلی عێراقی تێدا فەرهامبکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ناوبراو هیواشی خواست، پرۆژە یاسای بودجە بە شێوەکی شەخسی بەکار نەهێنرێت بۆ بەرژەوەندی هەندێک لایەن، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

شەریف سلێمان، جەخت لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەک خۆی دەکاتەوە، کاتێک هەردوو سەرۆک وەزیران واژوویانکرد.

لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران ئەو پرسە تایبەت نییە تەنها بە لایەنێک، بەڵکو  ئەو پرسە تایبەتە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی کار دەکەین بۆ ئەوەی بیچەسپێنین لە بودجەدا سورین لەسەر گەڕانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەران.

راشیگەیاند،  لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیش باسمان کردووە کە دەبێت ئەو مافەی فەرمانبەرنی هەرێم بگەرێتەوە ئێمە داوامان کردووە زیاتر لە  %10 بگەڕیتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: "فەرمانبەر فەرمانبەری خۆمانە پشتیوانییان لێدەکەین مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێنەوە و هیوادارم هیچ لایانێک موزایەدەی سیاسی و شەخی بە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکات".