کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

K24 - هەولێر
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 201 پەرلەمانتار و سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆتایی هات.
دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سهرۆكی پهرلهمانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشهممه 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی پهرلهمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی دواخست و دووباره بههۆی نوێژی ههینی، كۆبوونهوهكه بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره دواخرا. ئێستاش دووبارە زەنگی جوونە ژوورەوە بۆ پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە.