جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: پارتی لەگەڵ مووچەخۆرانی کوردستان راستگۆیە

K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، "پارتی لەگەڵ مووچەخۆرانی کوردستان ڕاستگۆیە و ناهێڵێ موزایەدەیان بەسەرەوە بکرێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بەداخەوە چەند هەفتەیەکە هەندێک فراکسیۆن، بەتایبەتیش یەکێتی، لەپێناو تێپەڕاندنی پلانگێڕییەکانیان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە پاساوی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان، هاتوون بڕگەیەکیان هێناوە و ناویان ناوە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و خەڵکییان پێ سەرقاڵ کردووە".
ئەم بڕگەیە وەکو ئەوەی مەریوان قەرەنی باسی کردووە، "بەبێ تەرخانکردنی پارە بۆی هیچ بەهایەکی نییە، بەڵکوو ئەگەر بەو جۆرە تێپەڕێ، کێشە بۆ خودی مووچەخۆرانیش دروست دەکات، چونکە دەستی حکوومەت لە دابەشکردنی مووچەی مانگانە دەبەستێت، چونکە ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێ بەشی هەموو خەرجییەکان ناکات."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە: پارتی لەگەڵ مووچەخۆراندا راستگۆیە و نایەوێ بە شتی ناڕاست هەڵبخەڵەتێن، بەڵکوو هەموو هەوڵێک دەدات لە بودجەدا پارە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکرێ.
هاوکات هەینی ڤیان سەبری، سەرۆکی فراسیۆنی پارتی لەبارەی لابردنی بڕگەی پاشەکەوتی بودجە لە پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وەكو پارتی بەهەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەین پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە، چونكە ئەمە مافی فەرمانبەرانی هەرێمە و پێویستە تەرخانی دارایی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ بكرێت."
گوتیشی: "هەموو ئەوانەی موزایەدە لەوبارەیەوە دەكەن تەنیا یاری بە هەست و سۆزی خەڵك دەكەن. كەسیان داوای ئەوەیان نەكردووە كە دەبێ بڕە پارە تەرخان بكرێت بۆ ئەو مەبەستە."
ئەمە لە کاتێکدایە؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوامن و "وابزانم ئەمشەو تا بەیانی لە پەرلەمانی عێراق دەمێنینەوە".
ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 09:00 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بە ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەستیپێکردەوە.
کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.
هاوکات فراس موسلماوی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەکۆبوونەوەدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەردوو ماددەی 13 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بکەن کە رێککەوتنی لەسەر کراون.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 06:30 دەستیپێکرد و پێشتریش کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەکرا.
دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سهرۆكی پهرلهمانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشهممه 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی پهرلهمانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوهڕۆی ئهمڕۆ ههینی دواخست و دووباره بههۆی نوێژی ههینی، كۆبوونهوهكه بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره دواخرا. ئێستاش دووبارە زەنگی جوونە ژوورەوە بۆ پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە