خالید رێکانی: پێشنیازمان کردووە لەماوی 3 ساڵدا سەرجەم مووچە پاشەکەوتکراوەکان بدرێتەوە

خالید رێکانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
خالید رێکانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کردووە لەگەڵ ئەوەدایە سەرجەمی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان بگەڕێندرێنەوە، نەک تەنیا %10، هاوکات گوتیشی، پێشنیازمان کردووە لەماوی 3 ساڵدا مووچەی پاشەکەوتکراوەکان بدرێتەوە.

خالید رێکانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، پێشنیازمان کردووە مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی %100 نەک %10، بەڵام دەبێت تەرخانکردنی دارایی بۆ بکرێت.

هەروەها راشیگەیاند، پێشنیازمان کردووە لە ماوەی 3 ساڵدا سەرجەم مووچەی پاشەکەوتکراوەکانی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، چونکە ئەگەر %10  بێت بە ماوەی 20 ساڵیش تەواونابێت.

باسی لەوەشکرد، ئەو ماددانەی کە لە رێککەوتنی سەرەتادا لە نێوان هەردوو سەرۆکوەزیراندا کرابوو دەنگی پێدەدەین، ئەوەی گۆرانکاری بەسەردا هاتبێت بۆ بەرژەوەندی هەندێک لایان کە بەرژەوەندی خۆیانیانی تێدایەو دژی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە دەنگی لەسەر نادەین.

ئەمڕۆ هەینی ڤیان سەبری، سەرۆکی فراسیۆنی پارتی لەبارەی لابردنی بڕگەی پاشەکەوتی بودجە لە پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وەكو پارتی بەهەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەین پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بدرێتەوە، چونكە ئەمە مافی فەرمانبەرانی هەرێمە و پێویستە تەرخانی دارایی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ بكرێت."

گوتیشی: "هەموو ئەوانەی موزایەدە لەوبارەیەوە دەكەن تەنیا یاری بە هەست و سۆزی خەڵك دەكەن. كەسیان داوای ئەوەیان نەكردووە كە دەبێ بڕە پارە تەرخان بكرێت بۆ ئەو مەبەستە."

ئەمە لە کاتێکدایە؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوامن و "وابزانم ئەمشەو تا بەیانی لە پەرلەمانی عێراق دەمێنینەوە". 

کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

هاوکات فراس موسلماوی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمان لەکۆبوونەوەدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هەردوو ماددەی 13 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بکەن کە رێککەوتنی لەسەر کراون.

کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 06:30 دەستیپێکرد و پێشتریش کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆ بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە نەکرا. 

دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشه‌ممه‌ 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.

دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست و دووباره‌ به‌هۆی نوێژی هه‌ینی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتژمێر 3:00ـی ئێواره‌ دواخرا. ئێستاش دووبارە زەنگی جوونە ژوورەوە بۆ پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە