پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پێنج ماددەی دیکە دا

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 18، 19، 20، 21،  23 و 24 دا و پەسەندی کردن و، بە زۆرینەی دەنگ ماددەی 22ـی لە پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراقی لابرد.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمشەو پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر ماددەکانی 14، 15، 16 و 17 بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

سەرەتای کۆبوونەوەکە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم، 10ـەم، 11ـەم، 12ـەم و 13ـەم دا و پەسەندیکردن.

کاتژمێر 09:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 259 پەرلەمانتار بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی  کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەکانی (2، 9، 10، 11، 12و13)ــیان پەسەنکرد و ماددەکانی (17،16،15،14 ) دواخران بۆ کاتێکی نادیار.

هەروەها راشیگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 13 لە پرۆژەیاسای بودجەدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، ئەگەر لایەنی تورکی کێشەی هەبوو لە وەرگرتنی ئەم نەوتە ئەوا  وەزارەتی نەوتی عێراقی دەتوانێت ئەو بڕە نەوتە بە شێوەیەکی دیکە بفرۆشیت، یاخود بۆ پاڵاوگەکانی ناوەخۆ بەکاریبهێنێت، هەروەها حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەوەی مووچە و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 5 ساڵ قەرزە نەوتیەکان بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی تی بی ئای عێراقی.

لەبارەی ماددەی 14دا، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق حکومەتی عێراق پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەو بڕگەی باسی پاشەکەوتکردنی مووچە دەکات لە دواین رەشنووسی پرۆژەیاساکە لادراوە، هەروەها بڕگەیەک هەبوو کە نابێت حکومەتی هەرێم نەوتی نەینەوا و کەرکوک بفرۆشیت، ئەو بڕگەیەش لادرا، واتا حکومەتی هەرێم دەتوانی نەوتی نەینەوا و کەرکووک بفرۆشێت، هەروەها هەژمارێکی بانکی دەکرێتەوە بۆ داهاتی نەوت لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەبێت.

جەختیشی لەوەکردەوە، لە ماددەی 14 یەکێک لە بڕگەکان باسی مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراقی دەکرد لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیەش لادرا و بوونی نما لە ماددەی 14، هەروەها بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی  %10 لە دواین گۆڕانکاری رەشنووسی بوجەدا لادرا، هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیازی کردبوو کە دەبێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بە گەڕناوەی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان بە رێژەی  %100  بەڵام دەبێت تەرخانکردنی دارایی بۆ بکرێت.

دوای چەندین جار دواخستن، دواجار دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام ئێوارەی پینجشه‌ممه‌ 8ـی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا لە کۆی 67 ماددەی پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کـرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران، ماددەی چوارەم لابرا و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا.
دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دواخست.