هۆکاری رێگریکردن لە پەسندکردنی ماددەی 14 ئاشکرا دەکرێت

K24 – هەولێر

لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی پەرلەمانی عێراق، بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، ماددەی 14 کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و چەند ماددەیەکی دیکە پەسند نەکران، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هۆکارەکە ئاشکرا دەکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دەقی ماددەی 14 هاتووە، ئەگەر کێشەیەک لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەبێت، لیژنەیەک لەنێوان هەردوولا دروست دەکرێت و ئەنجامی کاری لیژنەکە بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکرێتەوە و ئەو بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەو ماددەی کە ئەوان ویستیان دەنگی لەسەر بدەن ئەسڵییەکە نییە و پێچەوانەیە، ئەوەی کە ئەوان دایانناوە لە ئەگەری بچووکترین کێشە لەنێوان هەردوو حکومەت، لەماوەی 15 رۆژدا بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، ماددە دەستکاریکراوەکە بەوشێوەیە کە لە 15 رۆژدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ناچار دەکرێت بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەقە ئەسڵییەکە بڕوات".

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکە ویستیان ماددەکانی دیکە تێپەڕێندرێن تا ئەو ماددەیە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە پێشتر ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵیان هەیە، هەموو ماددەکان تێدەپەڕێنن دواتر ئەوەی تریش بە زۆر تێدەپەڕێنن، بۆیە بڕیارماندا ماددەکانی دیکەش نەڕوات تا رێککەوتن دەکرێت".

شاخەوان عەبدوڵڵا، روونیکردەوە: "ماددەی 14 بەو جۆرەی هێنرابووە ناو هۆڵی پەرلەمان پێشتر هیچ رێککەوتنێکی لەسەر نەکراوە و لە لیژنەی دارایی دەستکاری کراوە، ئەمەش مەترسیدارە لە دۆزینەوەی هەر بیانویەک دەتوانن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن، بۆیە پێمان گوتن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەو ماددەیە بەو جۆرە دەنگی لەسەر بدرێت، لەگەڵ سەرۆکی فراکسۆنە کوردستانییەکان قسەمان کرد، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە نابێ ماددەی 14 بەو جۆرە تێپەرێنرێت".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، تێبینیان لەسەر ماددەی 13 هەبووە، بەڵام ماددەی 14 بە روحی بودجەکە ناودەبات و دەڵێ: "ئەگەر لە داهاتوودا هەر کێشەیەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێ بەپێی ئەو ماددەیە دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەین".

راشیگەیاند: "هەر یەک لە ماددەکانی 15، 16، 17 لەنێوان پێکهاتەکانی دیکە کێشەی لەسەر هەبوو، بۆیە ئەوانەش پەسند نەکرا".

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "بڕیارە ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 5ی ئێوارە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە ماددەکانی دیکەی دەستوور بەڕێوەبچێت".