ئۆکرانیا حەوتەمین هێرشی بۆ سەر هێزەکانی رووسیا ئەنجامدا

.
.

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی لایەنگری رووسیا لە زاپۆریژیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی نوێیان کردە سەر رووسیا، دەشڵێت: هێزەکانی رووسیاش پێشتر بەرپەرچی شەش هێرشی ئۆکرانیایان لە باشووری ئەو پارێزگایە داوەتەوە.

ڤلادیمێر رۆگۆڤ، سەرۆکی بزووتنەوەی "ئێمە لەگەڵ رووسیاین" لە زاپۆریژیا،  لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "چەکدارانی سوپای ئۆکرانیا هێرشێکی نوێییان بۆ سەر پارێزگای زاپۆریژیا دەستپێکرد، هێرشەکە بە بەکارهێنانی چەکی قورس بۆردومان دەستیپێکرد، بەڵام هێزەکانی رووسیا بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە".

رۆگۆڤ، چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات و ئاماژەی بەوەدا، کە سەرەتا ئامادەکاری تەکنیکییان کردووە، دواتر دەستیان کردووە بە گواستنەوەی زرێپۆش و هێز بۆ هێڵی پێشەوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ.

رۆژی هەینی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی لە سۆچی گوتی: دەتوانین بڵێین کە بە دڵنیاییەوە هێرشەکەی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و بەڵگەی ئەوەش بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژی سوپای ئۆکرانیایە، بەڵام لە هیچ لایەک بە ئامانجەکانیان نەگەیشتوون.