لە تورکیا دەست بەسەر یەک ملیار دۆلاری ساختەدا گیرا

K24 - هەولێر

رۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان بەسەر ملیارێک دۆلاری ساختەدا گرت، لە کۆگایەکی ئیستانبۆڵ شەش کەسیان لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکردن.

سەرچاوە ئەمنییەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵیان راگەیاندووە، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە، زانیارییان لەسەر ئەو کەسانە دەستکەوتووە کە دۆلاری ساختە چاپ دەکەن و ئامادەیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەفریقیا بگوازنەوە.

روونیشیکردەوە، تیمەکان ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری و بەدواداچوونی راستەوخۆیان ئەنجامداوە و چاودێری جوڵەی گوماناوی تۆمەتبارانیان کردووە لە کۆگایەکی ناوچەی کاغتخانە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، خەڵک بڕێکی زۆر سندوقیان لەناو بارهەڵگرەکان دەگواستەوە بۆ کۆگاکە.

هێزە ئەمنیەکان هەڵیانکوتایە سەر کۆگاکە و شەش کەسیان دەستگیرکرد، کە سێ کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی سویدی بوون و ئەوانی دیکەش خەڵکی بەریتانیا و غانا و تورکیا بوون.

بەرپرسان روونیان کردەوە، ئەو یەک ملیار دۆلارە لە جۆری 100 دۆلاریدا ساختە کراوە، هەروەها گرووپەکە پێشتر پارەکەی لەناو سندووقی کەشتی داناوە بۆ ئەوەی بگوازنەوە بۆ وڵاتانی ئەفریقیا.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان گەڕاونەتەوە ئەو ڤێلایانەی کە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکرێ گیراوە لە ناوچەی شیشلی، لەوێ دەستیان بەسەر بڕێک پارە و زێڕدا گرتووە.

سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەم بڕە پارە ساختەیەی دەستی بەسەر دا گیراوە، گەورەترینە لە مێژووی وڵاتی تورکیادا.