هەولێر.. شەش قوتابی بەتۆمەتی ئەنجامدانی گزی لە تاقیکردنەوەی وانەی بیرکاری دەستگیر دەکرێن

بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە قوتابخانەیەکی قەزای شەقڵاوە
بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە قوتابخانەیەکی قەزای شەقڵاوە

K24 - هەولێر

شەش قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی وانەی بیرکاری لە چەند قوتابخانەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆمەتی ئەنجامدانی گزی (غەش) دەستگیر دەکرێن.

ئەمڕۆ شەممە 10ـی حوزەیرانی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی وەزاری وانەی بیرکاری، شەش قوتابی لە ژمارەیەک قوتابخانەی سنووری پارێزگای هەولێر ئامێری (بلوتوز)ـیان بەمەبەستی ئەنجامدانی گزی (غەش) بەکارهێنابوو، بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

هەر لەبارەی ئەو شەش قوتابییەی دەستگیرکراون، بەگوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، قوتابییەک قوتابی قوتابخانەی سەدای هەولێر و قوتابییەکی دیکە قوتابی قوتابخانەیەکی قەزای خەبات و چوار قوتابی دیکەش قوتابی قوتابخانەی شاوێشی هەولێر بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ژووری هەواڵ"ـی کوردستان24 لەبارەی ئەو قوتابیانەی لە تاقیکردنەو گشتییەکانی پۆلی 12دا گزی دەکەن، ئەوەی خستەڕوو، "هەر قوتابییەک گزی بکات، مامۆستای چاودێر بە گزی هەژماری دەکات و دەیکاتە کۆنووس و بۆ لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان دەنێرێت. قوتابییەکە مافی بەشداریکردنی لە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی یەکەم و دووەم نامێنێت و ئەمساڵ بە کەوتوو هەژمار دەکرێت".

ئالان حەمە سەعید گوتیشی، "هەر کەسێک وێنەی پرسیارەکان لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان بگرێت و بنێرتە دەرەوە، سکاڵای یاسایی لەسەری تۆمار دەکەین و رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە، چونکە ئەمە بابەتی گزیکردن بەتەنها نییە، بەڵکوو قوتابییەکە یان ئەو کەسەی پرسیارەکان دەنێرێتە دەرەوە، دزە بە کۆی پرسیارەکان دەکات و مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵدا دەکرێت".

رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوەی گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە بەشداری 117 هەزار و 364 قوتابی؛ 75 هەزار و 239 قوتابی بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 قوتابی بەشی وێژەیی و سێ هەزار و 12 قوتابی بەشی پیشەیی دەستیانپێکرد.