چین و کوبا دامەزراندنی وێستگەی سیخووڕی رەتدەکەنەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کوبا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کوبا

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، ئەو راپۆرتەی لەلایەن رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـەوه بڵاو کراوەتەوە سەبارەت بە دروستکردنی وێستگەیەکی گوێگرتن له دوورگەی کوبا، لەبەرامبەر ملیاران دۆلار، "شێوازێکی ناسراوی ئەمەریکایە بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و بوختان".

گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، "وڵاتەکەی ئاگاداری ئەو دۆسیەیە نییە، بۆیە لە ئێستادا ناتوانین هیچ لێدوانێک بدەین".

هەروەها گوتەبێژی باڵیۆزخانەی کوبا لە واشنتن رایگەیاند، "راپۆرتەکەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ راست نییە".

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، کارلۆس فێرناندێز دی کۆسیۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی کوبا رایگەیاندبوو، راپۆرتەکە "بەتەواوی درۆیە و بێ بنەمایە". ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرجار بوختانەکانی وەک ئەمانە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە هەڵبەستراون.

ئیدارەی بایدن و پێنتاگۆن رایانگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن چین و کوبا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نهێنی بۆ گوێگرتنی ئەلیکترۆنی لەو دوورگەیەدا، "دروست نین".

جەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، وەزارەتەکە "ئاگاداری ئەوە نییە چین هیچ جۆرە بنکەیەکی سەربازی لە کوبا یان لە هەر شوێنێکی دیکەی ناوچەکە دابمەزرێنێت"، بەڵام هۆشداریدا لەوەی پەیوەندی نێوان کوبا و چین شتێکە کە پێنتاگۆن چاودێری دەکات.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئەو هەواڵە میدیاییانەی بە "نادروست" ناوبرد، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا لە توانایدایە هەموو پابەندبوونە ئەمنییەکانی خۆی لە ناوخۆ و سەرتاسەری ناوچەکەدا جێبەجێ بکات".

دەشڵێت: لە ئاستێکی فراوانتردا، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری هەوڵەکانی چینین بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی جیهاندا کە رەنگە ئامانجی سەربازییان هەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە تا ئێستا بەفەرمی پاشگەز نەکراوەتەوە، لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری کە ناویان نەهێنراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، چین رەزامەندی دەربڕیوە چەند ملیار دۆلارێک بداتە کوبا کە لەژێر فشاری دارایی دایە، لەبەرامبەر ئەو دامەزراوە سیخوڕییە، ئەمەش رێگە بە چین دەدات پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان لە هەموو باشووری رۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە کۆبکاتەوە، لەو شوێنەی کە بنکەی سەربازی ئاسمانی و دەریایی زۆرە.

نیکی هالی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "جۆو بایدن پێویستی بەوەیە بەئاگا بێتەوە بەرامبەر هەڕەشە راستەقینەکانی چین لەبەردەم دەرگاکەماندا".

مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا، کە بە ڕەچەڵەک کوبییە، لە تویتەردا نووسیویەتی: "مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا لە کوباوە نەک هەر راستەقینە نییە، بەڵکو زۆر لەوە خراپترە".

جەیمس ئەندرۆ لویس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەکنەلۆجیا و سیاسەتی گشتی لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەمەریکا بژاردەی کەمی لەبەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی کوبا زۆر لە ئەمەریکا نزیکە، ​​وەک ئەوە وایە بەشێک بیت لە تۆڕی پەیوەندی ئەمەریکا. ئەگەر بڕیار بدەن وێستگەیەکی گوێگرتن بۆ چینییەکان دابمەزرێنن، ئەوە ناتوانین زۆر شت بیکەین.