تورکیا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرە سوورییەکان

پەنابەرانی سووریا
پەنابەرانی سووریا

K24 - هەولێر

تورکیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاربن بۆ گەڕاندنەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتی پەنابەرانی سووریا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، لە هەمان کاتدا پشتڕاستی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بە ئامانجگرتنی گرووپ و رێکخراوە چەکدارەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دوای یەکەم کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ کابینەی نوێی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگی بەشداریکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەو هەوڵانەی کە خراونەتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی ئەو سووریانەی کە لە پێکدادانەکان هاڵاتوون، بە ئارەزووی خۆیان و بە سەلامەت بۆ ماڵەکانیان بگەڕێنەوە.

ئەردۆغان دوای یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتە نوێیەکەی دووپاتی کردەوە، تورکیا بەشێوەیەکی سەلامەت و خۆبەخشانە و شەرەفمەندانە پەنابەرە سوورییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان و گوتیشی: "هانی براکانمان دەدەین کە پەنایان بۆ وڵاتەکەمان هێنابوو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

دەشڵێت: "جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەمەوە، ئێمە ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر دەکەین، وەک ئەوەی لەگەڵ مێژوو و کولتوور و بەها باوەڕییەکانمان دەگونجێت".

ئەردۆغان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا، بەڵێنیدا زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری سووری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان کە تورکیا لە باکوووری سوریا دایمەزراندووە، کە تیایدا گوندی نیشتەجێبوون دروست دەکات لەگەڵ خزمەتگوزاری بۆ جێگیرکردنیان و کەشێکی گونجاو بۆ ژیان و کارکردن .

سەرکەوتنی ئەردۆغان و دەستبەکاربوونی لە حکومەتی نوێ تاڕادەیەک ترسی سووریاییەکانی لە تورکیا هێورکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی درک بەوە دەکەن کە تورکیا لەگەڵ دیمەشق بەردەوام دەبێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەروەها دەستبەرداری سیاسەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان نابێت.

پێشبینی ناکرێت تورکیا سیاسەتی خۆی لە دۆسیەی سووریا بگۆڕێت بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە حکومەتی نوێدا هاتوون، کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ناوخۆ و سەرۆکی هەواڵگری لەخۆگرتبوو، ئەو بەرپرسە نوێیانە دووپاتیان کردەوە کە بەپێی پرەنسیپە جێگیرەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە کارکردن، جا چ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە بێت یان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوورەکان.

 وەزیری نوێی ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلی کایا، کە پارێزگاری ئیستانبۆڵ بووە دەڵێت:  3.4 ملیۆن پەنابەری سووری لە ئیستانبوڵە، ئەمە سەرەرای بە هاوسۆزی و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی بەرامبەر بە پەنابەرانی سووریا ناسراوە، بەڵام لە جێبەجێکردنی یاساکەدا رژدە.

یەرلی کایا جەختی لەوە کردەوە، تورک و سووریەکان دوو گەلی براین، داوای لە سوورییەکان کرد زمانی تورکی فێربن و تێکەڵ بە کۆمەڵگا بن و فێری داب و نەریتەکانی بن، پابەندی یاساکان بن و خۆیان لە شەڕ و گردبوونەوە بەدوور بگرن.