تەقینەوەی مووشەکێک لە پارکێکی یاریکردن لە سۆماڵ کوژرانی 22 منداڵی لێکەوتەوە

K24 - هەولێر

لە ئاکامی تەقینەوەی مووشەکێک لە پارکێکی یاریکردن لە سۆماڵ 22 منداڵ گیانیان لەدەستدا.

یەکێک لە بەرپرسانی ناوچەی شابێلی خواروو، ئیبراهیم مالابۆو لە لێدوانیکیدا رایگەیاند، تەقینەوەیەک لەو ناوچەیەی کە منداڵەکان یارییان لێدەکرد رووی دا و بەهۆیەوە 22 منداڵ گیانیان لەدەستدا و سێ منداڵیش بریندار بوون.

مالابۆو رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلشەبابی بە بەرپرسیار لە تەقینەوەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا کە 16 لەو منداڵانەی کۆژران کوڕن و شەشیان کچن.

هاوکات رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلشەباب کە کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی بەدەستەوەیە کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی دەستییەوە بووە کە لەلایەن نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەفریقا لە سۆماڵ هەڵدراوەتە ئەو شوێنە.