موسەننا ئەمین: ئێمە رازی نیین بودجەیەکی مینڕێژکراو بۆ مووچەخۆرانمان دابنرێت

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق

K24 - هەولێر:

پەرلەمانتارێکی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئێمە رازی نیین بەوەی هەر کێشەیەک لە داهاتی نەوتی هەرێم هەبێت حکومەتی فیدڕاڵی راستەوخۆ بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت. هاوکات گوتیشی: "ئێمە رازی نیین بودجەیەکی مینڕێژکراو بۆ مووچەخۆرانمان دابنرێت".

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، ماددەی 14 کێشەی لەسەرە، بە تایبەت بابەتی ئەگەر هەرێمی کوردستان نەیتوانی داهاتی وەک پێویست بداتە حکومەتی عێراق، پێشنیارێک کرابو لە لیژنەی دارایی کە بەشە بودجەی ببڕدرێت، "ئەمەش کارێکی نایاساییە دەرهەق بە هەرێمی کوردستان".

هاوکات راشیگەیاند، حکومەتی عێراق، هەر کێشەیەکی هەبێت لەگەڵ پارێزگایەکی عێراق چ میکانزمێک بەکار دەهێنێت بۆ چارەسەرکردن، دەبێت هەمان میکانزمیش بەکار بهێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: "ئێمە قبوڵی ناکەین هەر کێشەیەک رووبدات لە داهات، حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت، هەروەها ئێمە رازی نیین بودجەیەکی مینڕێکراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێندرێت".

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو،دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.