مەحما خەلیل: ماددەی 14ـی بودجە وەک ئەوەی لە حکومەتەوە هاتووە پەسەند دەکرێت

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر رەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لەبارەی ماددەی 14 کردەوە و رایگەیاند، ماددەی چواردەی بودجە وەک ئەوەی لە حکومەتەوە هاتووە پەسەند دەکرێت.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بە گۆڕانکاری لەو ماددانەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، مافە دەستووری و یاساییەکانیان تێپەڕاندووە کە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە.

لەبارەی رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی ماددەی 14، مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی دارایی ناتوانێت رۆحی ماددەکان بگۆڕێت و بۆیە ناوەڕۆکی هەر ماددەیەک دژی یاسا و دەستووربێت، رەتدەکرێتەوە و پەسەند ناکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکن لەوەی ماددەی 14 بەو ناوەڕۆکەی لە حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت.

هەروەها مەحما خەلیل جەختی لە رێککەوتنی لایەنەکان و کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی تێپەڕاندنی ماددەی 14 کردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی و وەزیری دەرەوەی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 راگەیاند، رێککەوتنی کۆتایی کراوە لەسەر بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14 لە پرۆژەیاسای بودجە کراوە و ناکۆکی لەبارەی ئەو بڕگەیەوە نەماوە.

هاوکات، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، کە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕگەی حەوت لە ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە یەکدەنگن و رایگەیاند وه‌ك پارتی قبوڵمان نه‌كرد ده‌ستكاری بڕگه‌ی حه‌وتی مادده‌ی 14 بكرێت.

 

پەرلەمانی عێراق لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) بەردەوامە و تا ئێستا لە هەردوو دانیشتنی هەردوو رۆژی هەینی و شەممە، 18 ماددەی پەسەندکردووە و دوو ماددەشی لاداوە.

گرنگترین زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو ماددانەی پرۆژەیاسای بودجە کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لێرە بیخوێنەوە.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم) پەسەندکران، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا، دوای ئەوەش دانیشتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.

رۆژی هەینیش دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.

دواترش سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگرت.