سەباح سوبحی: لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەی ماددەی 14 گەیشتینە رێککەوتن

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەینێت، لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ پەرلەمان نەمانهێشت ماددەی 14 دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە بڕگەکانی دەستکاریکرابوو. گوتیشی: "لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بڕگەی حەوت لە ماددەی 14دا گەیشتینە رێککەوتن کە بە شیوازێک دابڕێژرێت وەک ئەوەی لە جاری پێشوودا هاتبوو".

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نیو پەرلەمانی عێراق ریککەوتین لەسەر بڕگەی حەوت لە ماددەی 14 کە بە شیوازێک دابرێژرێت وەک ئەوەی لە پێشوو دارێژرابوو.

هەروەها راشیگەیاند، بڕگەی حەوت لە ماددەی 14 لە پێشوودا وا داڕێژرابوو، ئەگەر هاتوو هەر کێشەیەک لە داهاتی هەرێم رووبدات، رێگابدرێت لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبکرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش راسپێردرێت بۆ بڕیاردان لەسەر کێشەکە و چارەسەرکردنی.

گوتیشی: گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی بە شیوازێک داڕێژرابوو هەر کێشەک لە داهاتی هەرێم رووبدات کە بۆ بەغدای دەنێرێت، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا چارەسەرنەکرێت، ئەوا حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت.

ئێوارەی رۆژی هەینی (9ــی حوزەیرانی 2023)، کاتژمێر 09:00ـی  کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 259 پەرلەمانتار بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەستیپێکردەوە دوای ئەوەی  کاتژمێر 07:30ـی ئێوارە  محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێککەوتنی سیاسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگرت و هۆڵی کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەکانی (2، 9، 10، 11، 12و13)ــیان پەسەنکرد و ماددەکانی (17،16،15،14) دواخران بۆ کاتێکی نادیار.

هەروەها راشیگەیاند، بە گوێرەی ماددەی 13 لە پرۆژەیاسای بودجەدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکات لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، ئەگەر لایەنی تورکی کێشەی هەبوو لە وەرگرتنی ئەم نەوتە ئەوا  وەزارەتی نەوتی عێراقی دەتوانێت ئەو بڕە نەوتە بە شێوەیەکی دیکە بفرۆشیت، یاخود بۆ پاڵاوگەکانی ناوەخۆ بەکاریبهێنێت، هەروەها حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەوەی مووچە و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 5 ساڵ قەرزە نەوتیەکان بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی تی بی ئای عێراقی.

لەبارەی ماددەی 14دا، پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق حکومەتی عێراق پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەو بڕگەی باسی پاشەکەوتکردنی مووچە دەکات لە دواین رەشنووسی پرۆژەیاساکە لادراوە، هەروەها بڕگەیەک هەبوو کە نابێت حکومەتی هەرێم نەوتی نەینەوا و کەرکوک بفرۆشیت، ئەو بڕگەیەش لادرا، واتا حکومەتی هەرێم دەتوانی نەوتی نەینەوا و کەرکووک بفرۆشێت، هەروەها هەژمارێکی بانکی دەکرێتەوە بۆ داهاتی نەوت لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەبێت.

جەختیشی لەوەکردەوە، لە ماددەی 14 یەکێک لە بڕگەکان باسی مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراقی دەکرد لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیەش لادرا و بوونی نما لە ماددەی 14، هەروەها بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی  %10 لە دواین گۆڕانکاری رەشنووسی بوجەدا لادرا، هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا پێشنیازی کردبوو کە دەبێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بە گەڕناوەی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان بە رێژەی  %100  بەڵام دەبێت تەرخانکردنی دارایی بۆ بکرێت.