90 خولەکی ئه‌مشه‌و چاره‌نووسی هالاند بۆ بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر یه‌كلایی ده‌كاته‌وه

ئێرلینگ هالاند لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتیدا دره‌وشایه‌وه، دوای ئەوەی لە یانەی دۆرتمۆندەوە ڕووی لە مانچستەر سیتی کرد، بۆ ئەوەی جێگەی ڕۆشتنی سێرخیۆ ئەگوێرۆی ئه‌ستێره‌ی ئارجێنتینا بگرێتەوە.
سەرەڕای کەشوهەوای سەختی خولی نایابی ئینگلیزی بەتایبەت بۆ یاریزانە نوێیەکانی پاڵەوانێتییەکە، لاوه نەرویجییەکە درەوشایەوە و وایکرد سیتی بۆ سێیەم وەرزی لەسەریەک نازناوی پرێمه‌رلیگ بباته‌وه و خەڵاتی گۆڵکار و ژمارەیەکی پێوانەیی زۆریش تۆمار بكات.
هالاند بووە یه‌كه‌مین یاریزان له مێژووی پرێمه‌رلیگ بتوانێت له یه‌ك وه‌رز 36 گۆڵ تۆمار بكات، بەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی ئەندی کۆل و ئالان شیرەری شکاند کە 34 گۆڵیان تۆمارکردبوو. هاوكات بووە خێراترین یاریزان کە له 14 یاریی ده‌ستپێكی له پرێمه‌رلیگ 20 گۆڵ تۆمار بكات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه هالاند بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی پرێمه‌رلیگ لە 3 یاری لەسەریەکدا لە یاریگای خۆیدا (هاتریک) بکات، هەروەها بووه خێراترین یاریزان لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا له ماوه‌ی 19 یاری 4 (هاتریک) بكات، پێشتر رۆد ڤان نیسته‌لڕۆی له 46 یاری چوار هاتریكی بۆ مان یونایتد كرد بوو.
له‌م وه‌رزه له چامپیۆنزلیگ هالاند به 12 گۆڵ لوتكه‌ی گۆڵكارانی چامپیۆنزلیگی گرتووه، هالاند ئه‌مشه‌و خەون بە بردنه‌وه‌ی جامی چامپیۆنزلیگەوە دەبینێت، کاتێک لە یاریگای ئۆڵمپی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵی تورکیا ڕووبەڕووی ئینتەرمیلان دەبێتەوە، ده‌یه‌وێت سیتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا چامپیۆنزلیگ بباته‌وه.
لەگەڵ بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ و جامی فا، لەم وەرزەدا نازناوی چامپیۆنزلیگ دوو هێندە گرنگی دەبێت بۆ سیتی، ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و مان سیتی بتوانێت سیانه له بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانی ئه‌م وه‌رزه تۆمار بكات، ناوی ده‌چێته پاڵ ئه‌و یانه مێژووییه‌كه كه توانیویانه له یه‌ك وه‌رزدا 3 نازناوه گه‌وره ببه‌نه‌وه.
(سێلتیكی سكۆتله‌ندا ـ 1967)، (ئایاكسی هۆڵه‌ندا 1972)، (ئایندهۆڤنی هۆڵه‌ندا 1988)، (مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی 1999)، (بارسێلۆنا ئیسپانیا ـ 2009)، (ئینته‌ر میلان ئیتاڵیا ـ 2010)، (بایرن میونشن ئه‌ڵمانیا ـ 2013)، (بارسێلۆنا ئیسپانیا ـ 2015) و (بایرن میونشن ئه‌ڵمانیا ـ 2020).
ئه‌مشه‌و مان سیتی هیوایەکی زۆری بە هالاند هەیە بۆ ئه‌وه‌ی یانه‌كه بكاته خاوه‌نی یه‌كه‌مین نازناو له مێژووی دامه‌زراندنی یانه‌كه، چانسی ئەو تیپەی کە هێرشبەرێکی وه‌كو هالاندی هه‌بێت بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه زیاتره، چونكه ئه‌م كوڕه نه‌رویجییه لەم وەرزەدا لە 52 یاریدا 52 گۆڵی تۆمارکردووە.
لە ئەگەری ئەوەی ئه‌مشه‌و سیتی سێیه‌مین نازناوی ئه‌م وه‌رزه بباته‌وه، كوڕه نه‌رویجییه‌كه‌ش هاوشانی نازناوی گۆڵکاری پرێمەرلیگ، گۆڵكاری چامپیۆنزلیگیش مسۆگه‌ر بكات، هالاند ده‌توانێت به رێژه‌یه‌كی زۆر بۆ یه‌كه‌مجار باڵۆن دۆر بباته‌وه.