دوو فەرمانگەی دادنووسی دیکە لە هەولێر دەکرێنەوە

یەکێک لە فەرمانگە دادنووسییەکان - وێنە: KNS
یەکێک لە فەرمانگە دادنووسییەکان - وێنە: KNS

K24 – هەولێر:

فەرمانگەی دادنووسی سێیەمی هەولێر و فەرمانگەی دادنووسی دووەمی ئێواران لە شاری هەولێر دەکرێنەوە و بەم هەنگاوەش قەرەباڵەغی سەر فەرمانگەکانی دادنووسی لە شاری هەولێر چارەسەر دەکرێت.

لە ئاگادارییەکەدا، کە فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی هەولێر بڵاویکردووەتەوە و کوردستان24 بەدەستی گەیشتووە، کردنەوەی هەردوو فەرمانگەی دادنووسی سێیەمی هەولێر و فەرمانگەی دادنووسی دووەمی ئێواران لە شاری هەولێر راگەیەندراوە.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، لە (11ـی حوزەیرانی 2023)ـەوە مامەڵەی گرێبەستی کارکردن لەو دوو فەرمانگەیەدا رایی دەکرێت کە ناونیشانەکەیان دەکەوێتە گەڕەکی سەربەستی (32ـی پارک) لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شاری هەولێر دوو فەرمانگەی دادنووسی لە دەوامی بەیانیان و فەرمانگەیەکی دادنووسی لە دەوامی ئێواران هەبوو، بە کردنەوەی ئەو دوو فەرمانگەیەش، شاری هەولێر دەبێتە خاوەنی پێنج فەرمانگەی دادنووسی.

لە هەرێمی کوردستاندا، 69 فەرمانگەی دادنووسی هەیە کە هەزار و 380 فەرمانبەری حکومی و 621 فەرمانبەری کەرتی تایبەت کاری لێدەکەن، بۆ راییکردنی کاروبارە یاساییەکانی هاووڵاتییان.

فەرمانگەکانی دادنووسی بە سـیسـتمێکی نوێی دادنووسی بەشێوەی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حكومەت بەڕێوەدەچێت.