وەزیری دارایی هەرێم: دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پەشیمان بوونەتەوە

ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگە و ماددانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون، کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو  بڕیار و ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنانەن، کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر درا و دواتریش رێکكەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لە ڕۆژی 4 نیسانی 2023 بەئامادەبونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا واژۆ کرا.

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە، کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کە ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.    

وه‌زیری دارایی روونیده‌كاته‌وه‌، كه‌ بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاولاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی  نەتوانێت بەئەرکەکانی خۆی هەستێت. 

پەرلەمانی عێراق لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) بەردەوامە.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو،دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.