فراکسیۆنی پارتی پێشنیازێکی نوێ لەبارەی پاشەوکەتی مووچە دەداتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق

لۆگۆی پارتی
لۆگۆی پارتی

K24 - هەولێر:

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوای گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12% دەداتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.

ئەمڕۆ شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023)، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، فراکسیۆنی پارتی پێشنیازێکی نوێ لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داواتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە رێژەی 12% بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ واژۆیان لەسەر ئەو پێشنیازە کردووە و تەنیا فراکسیۆنی نەوەی نوێ واژۆیان نەکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر پێشکەشکردنی ئەو پێشنیازە کردەوە و ئاشکرایکرد کە واژۆی پێویستی بۆ کۆدەکەنەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دەیانەوێت حکومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ڤیان سەبری روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسیان لەو پێشنیازە کردووە و زۆربەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکەش لارییان نییە و واژوویان لەسەر ئەو پێشنیازە کردووە.

لەبارەی جیاوازی ئەو پێشنیازە نوێیەی فراکسیۆنی پارتی لەوەی پێشتر لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر درابوو، ئەوەیە کە دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت و دەبێتە بەشێک لە پابەندی حکومەتی فیدراڵی.

پێشنیازەکەی فراکسیۆنی پارتی
پێشنیازەکەی فراکسیۆنی پارتی

پەرلەمانی عێراق لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) بەردەوامە و لە دوو دانیشتنی رۆژانی هەینی و شەممە، 18 ماددەی پەسەندکرد و دوو ماددەشی لاداوە. زانیاری زیاتر لێرە بخوێنەوە.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم) پەسەندکران، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا، دوای ئەوەش دانیشتنەکە بۆ دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.

رۆژی هەینیش دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا. دواترش سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگرت.