عومەر کۆچەر: پەرلەمانتارانی یەکێتی داوایانکردووە حکومەتی عێراق مووچەی پارێزگای سلێمانی بە جیا بنێرێت

عومەر کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق
عومەر کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، پەرتەوازەی لایەنە کوردییەکان لە پەرلەمان وایکردووە کێشە لە دەنگدان لەسەر بڕگەی حەوتی ماددەی 14ــدا درووستبێت. گوتیشی: "پەرلەمانتارانی یەکێتی داوایانکردووە حکومەتی عێراق مووچەی پاریزگای سلێمانی بە جیا بنێرێت".

عومەر کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، لایەنە کوردییەکان تاکو ئێستا لەسەر برگەی حەوت لە ماددەی 14 رێککنەکەوتوون، هەروەها پەرتەوازەی نێوانیان وایکرد دەنگدان لەسەر ماددەی 14 دوابکەوێت.

هەروەها راشیگەیاند، پەرلەمانتارانی یەکێتی داوایانکردووە حکومەتی عێراق مووچەی پاریزگای سلێمانی بە جیا بنێرێت. گوتیشی، ئەمەش بچووکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

لەبارەی بڕگەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکگرتوو، رایگەیاند، "بەداخەوە بڕگەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم بڕگەیە نەخێندرایەوە بە هەند وەرنەگیرا، گوتیان، بڕگەی پاشەکەوت پێویستە ببێتە مادەیەکی تایبەت بە جیا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەمەش جێگەی بڕوا نییە و جێگەی گومانە دەبێت هەڵوێستی جددیمان هەبێت و نابێت قبوڵی بکەین".