سیپان شێروانی: لە ماددەی 14 باس لە پارەدارکردنی راستەوخۆی هیچ پارێزگایەک نەکراوە

ژمارەیەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ژمارەیەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی ماددەی 14 لە پرۆژەیاسای بودجە راگەیاند، خەونی یەکێتی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و مامەڵەکردنی راستەوخۆ بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان نەهاتەدی.

سیپان عەزیز، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکدا رایگەیاند، ئەوەی یەکێتی کردی کارێکی ناشرین بوو، بەشێوەیەکی تاکڕەوانە و جیاواز لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، هەوڵیدا بۆ جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی وەک ئێستا داهاتی ناوخۆی ئەو پارێزگایە بۆ خۆیان بێت و لە داهاتی هەرێمیش بەشێک وەربگرن.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە بڕگەکانی ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە پەسەندکرا، باس لە پارەدارکردنی راستەوخۆی هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ناکات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

لە دانیشتنی (10ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرد کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

بەهۆی ناڕازیبوونی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی ناوەڕۆکی بڕگەکانی کۆتایی ماددەی 14 لە پرۆژەیاسای بودجە، هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان جێهێشت و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەڕانەوە بۆ هۆڵی دانیشتنەکە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر بودجە درێژەی کێشا.