چیایی تەیمور: یەکێتی لە سلێمانی زۆرینە نییە و ناتوانێت بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە قسە بکات

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، "یەکێتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دووپاتیان کردەوە کە دەیانەوێت  پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیا بکەنەوە." گوتیشی: "یەکێتی لە سلێمانی زۆرینە نییە و ناتوانێت بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە قسە بکات".

چیایی تەیمور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پڕۆژەی یەکێتی سەرینەگرت، چونکە ئێمە دەتوانین لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکەین و بە ماوەی دوو رۆژ سکاڵاکە ببەینەوە".

هەروەها راشیگەیاند، "جوان نەبوو بۆ یەکێتی پەنا بۆ ئەو شێوازە ناشرینە ببەن کە هەموو لایەنە عەرەبیەکان تێبگەینن کە نێو ماڵی کورد کۆدەنگ نین و تەبا نیین، دەبوو ئەم گرفتە لەگەڵ حکومتی هەرێمی کوردستان چارەسەربکەن".

ئەو، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی دووپاتیان کردەوە  بۆ هەموو خەڵکی کوردستان کە دەیانەوێت سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیا بکەنەوە، "بەڵام خەیاڵییان خاوە".

گوتیشی: "یەکێتی لە سلێمانی زۆرینە نییە، ناتوانن بە ناوی پارێزگای سلێمانییەوە قسە بکەن".

ئەمشەو (10ـی حوزەیرانی 2023) بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرا کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، "گشت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ژمارێكی بانكیدا كۆده‌كرێنه‌وه ‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپشك ده‌كرێت به‌ خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته ‌و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت و گشت ئه‌و ئه‌ژمارانه‌ی دیكه‌ داده‌خرێن كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كراونه‌ته‌وه‌.

لە بڕگەی دووەمیشدا ئاماژە بەوەکراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردبینی له‌ ژمارەکان ده‌كه‌ن و چاودێری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بواره‌ واژۆكراون له‌باره‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه ‌و هه‌نارده‌ی نه‌وتەوە‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵده‌ستێت به‌ پێداچوونه‌وه‌ی مانگانە و ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری لە وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ده‌کات.

لە بڕگەی سێیەمی ماددەکەشدا، باس لەوەکراوە، ئەو هەژمارە بانکییەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ سەرجەم زانیارییەکانی ناوەوە و بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی دەکرێت و راپۆرتی خولیی پێشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەکرێت.

لە بڕگەی چوارەمیشدا، بەیاننامەی دارایی ساڵانە و نیوە ساڵانە بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینیکەری سەربەخۆ (کۆمپانیای نێودەوڵەتی) پێشکەش دەکرێت و کۆپییەکی پەسەندکراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

لە بڕگەی دواتریشدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکدەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەی هەمەلایەنە بە ماوەی پێشوو لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە کەرتی نەوت و گازەوە هەیە لە هەرێم و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم و هاتنە دەرەوە بە دیدگایەک کە بەپێی دەستوور و قبووڵکراوی هەردوولا بێت و بتوانێت بۆ قۆناغی پێشوو یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

لە بڕگەی شەشەمی ماددەی 14ـشدا ئامای بەوەکراوە، لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم مادەیە (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م) جێبەجێ دەکرێن و تا ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و گاز كاری پێده‌كرێت.

لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14ـشدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کاتێک هەر جیاوازییەک لە دیدگاکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت سەبارەت بە مافەکان، ئەو پابەندبوون و میکانیزمانەی لە بڕگەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو لایەن پێکدەهێنن بۆ رەچاوکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە وادەی پێکهێنانییەوە تا پەرلەمانی عێراق بڕیاری گونجاو بدات کە لە ماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانی پێشکەشدەکات.

هەروەها بڕگەی هەشت بۆ ماددەی 14 زیادکرا، کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە و ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی بوونی کێشە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بەهۆی پابەندنەبوون یان جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی سەرەوەی ماددەکە، ئەوا پارێزگاکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانیان بکەن لە حکومەتی عێراق.