11 كەس لە گرتووخانەی قزڵحەسار لەسێدارە دەدرێن

"یەكێك لەو كەسانەی لەسێدارەدراون ژن بووە"

K24 - ھەولێر

ھەواڵدەری چالاكانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە ھێرانا، لە ھەواڵێكدا بڵاوی كردەوە، بەرەبەیانی دوێنێ رۆژی یەكشەممە 11 كەس لە گرتووخانەی قزڵحەسار لە تاران لەسێدارە دراون.

بەپێی راپۆرتەكەی ھێرانا یەكێك لە لەسێدارەدراوان ژن بووە، تا ئێستا چالاكانی مافی مرۆڤ توانیویانە ناسنامەی دوو لەو كەسانە بە ناوەكانی سەعید سابری و موسلیم بەھرامی ئاشكرا بكەن.

ھەر بەگوێرەی زانیارییەكان رۆژی شەممە 4 زیندانی لە نەدامەتگا و 4 زیندانی گرتووخانەی تارانی گەورە، زیندانیەك لە قزڵحەسار، زیندانیەك لە شاری كەرەج و ژنێكیش كە دیار نیە لە چ زیندانیەك گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی قزڵحەسار لە سێدارە دراون.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئەو كەسانە بە تۆمەتی مامەڵەكردن و بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەسێدارە دراون.

لە ماوەی رابردوودا زۆر لە چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی رەخنەیان لە بەرپرسانی تاران گرتووە كە لەو وڵاتە خەڵكی لەسەر چالاكی سیاسی و مەدەنی لە سێدارە دەدرێن و تۆمەتی ماددەھۆشبەرەكانیان دەخرێتەپاڵ.