لەسەر بابەتی کۆچبەری سێ سەرکردەی ئەوروپی گەیشتنە تونس

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە یاوەری سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و ئیتاڵیا ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتنە تونس کە وڵاتێکی سەرەکییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەری نایاسایی، کە دۆخی ئابوورییەکەی جێگەی نیگەرانی ئەوروپایە.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، جۆرجیا مێلۆنی و مارک روتە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی تونس نەجلا بۆدن پێشوازی لێکرا. بەڵام بڕیارە ئەو سێ سەرکردەیە لە کۆشکی سەرۆکایەتی تونس گوتە پێشکەش بکەن.

تونس بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ ئەوروپا، بەتایبەت ئیتاڵیا، بەهۆی ئەو ئاستەنگییە ئابورییانەی رووبەڕووی بووەتەوە و مەترسی لێشاوی کۆچبەران لە کەناراوەکانەوە بۆ ئەوروپا.

ئێوارەی رۆژی شەممە، قەیس سەعید سەرۆکی تونس لەمیانی سەردانێکیدا، بۆ شاری سەفاقس کە دووەم شاری تونسییە و لە سەرەتای ساڵی 2023وە زۆرینەی کۆچبەرە نایاساییەکان لێیەوە دەڕۆن، رایگەیاند، وڵاتەکەی نابێتە پارێزەری سنوورەکانی ئەوروپا.

رۆژی پێنجشەممە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە رێککەوتنێک سەبارەت بە مافی پەنابەری، کە بە تایبەتی بۆ گەڕانەوەی ئەو پەناخوازانە دیاری کراوە کە داواکارییەکانیان رەتکراونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان یان بۆ وڵاتێکی دیکە کە بە سەلامەت دادەنرێت.

تونس دانوستانەکانی راگرتووە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێکی نوێ بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دۆلار، هەروەها قەیس سەعید ئەو چاکسازییە رەتدەکاتەوە کە سندوقەکە پێشنیاری کردووە، کە بریتین لە داڕشتنەوەی زیاتر لە 100 کۆمپانیای گشتی کە بارگرانییان لەسەر قەرز و هەڵگرتنی یارمەتییەکانی حکومەت بۆ بەشێک لە بەکاربەران کەلوپەلەکان دروستکردووە.

بەشێکی تونس کەمتر لە 150 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا دوورە و بەبەردەوامی هاوڵاتیانی ئەفریقی هەوڵی کۆچکردن دەدەن لەو رێگەوە. تونس بە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی سەختدا تێدەپەڕێت.