حکومەتی عێراق 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی حوزەیرانی 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رەوانەکردنی 400 ملیار دیناری بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا.

فارس عیسا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و دوای پەسەنکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت. 

ناردنی ئەم بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان ماددەی 12ـی پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەندکرد و پشکی هەرێمی کوردستانی بە رێژەی 12.67% جێگیر کرد.