زیاتر لە 15 هەزار کەس بەشداری لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا دەکەن

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

وابڕیارە سبەی دووشەممە (12ـی حوزەیرانی 2023) لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا بەڕێوەبچێت و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ خوێندن لە پسپۆرییە جیاوازەکانی زانکۆکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15 هەزار  کەس داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ خوێندنی دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا کە زیاتر لە حەوت هەزار و 500 کورسی خوێندن لە پسپۆرییە جیاوازەکان لەلایەن زانکۆکانەوە تەرخانکراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئامارى پێشکەشکاران بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) بریتییە لە 15 هەزار و 728 پێشکەشکار، بەشێوەیەک بۆ خوێندنى ماستەر 11 هەزار و 382 پێشکەشکار و بۆ دکتۆرا دوو هەزار و 692 پێشکەشکار و بۆ دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى 177 پێشکەشکار و بۆ دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى هەزار و 477 پێشکەشکار بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن.

پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی پێشکەشکردنی لە 18ـی ئایاری 2023 بۆ 4ـی حوزەیرانی 2023 درێژکردەوە و وادەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیشی لە 29ـی ئایاری 2023ـەوە بۆ 12ـی حوزەیرانی 2023 دواخست.

دوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان بۆ خوێندنی دکتۆرا، ماستەر و دبلۆمی باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەست بە خوێندن دەکرێت.

ئەمڕۆش وەزارەتی خوێندنی باڵا، گرنگترین رێکارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى خوازیاران و بەدیهێنانى شەفافیەت و دادپەروەرى و هەلى یەکسان لە پڕۆسەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى کە رۆژى دوشەممە رێکەوتى (2023/6/12) سەعات (11)ى بەیانى بەڕێوەدەچێت، رەچاوى چەند خاڵێک بکەن.

هەروەها رۆژی (4ـی نیسانی 2023) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لەبارەی خوێندنی باڵاوە دەرکرد و رایگەیاند، یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ حکومییەکان کە دانەمەزراون لە کرێی خوێندنی ماستەر دەبەخشرێن.

رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2022، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایى پێشکەشکردن و وەرگرتن بۆ خوێندنى دیبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (2022 – 2023) دەرکرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئامانج لە دەرکردنى رێنماییەکان رێکخستنى مەرج و رێکارەکانى پێشکەشکردن و شێوازى پێشبڕکێ و بەدیهێنانى هەلى یەکسان و دادپەروەر و شەفافیەتە لە پرۆسەى پێشکەشکردن و وەرگرتن لە خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى باڵا و پێگەیاندنى کەسانى پسپۆر و شارەزا بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا وکەرتى گشتى و تایبەت و بەستنەوەى خوێندنى باڵا بە پێداویستی دامودەزگا حکومى و تایبەتەکان و بازارى کارى کوردستان و بەشدارى لە پێشنیازکردنى چارەسەرى گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکان لە هەرێمى کوردستان. 

مەرجی توانستی زمانی ئیگلیزی بووەتە مەرجێكی پێشوەختە بۆ کاتی تاووتوێکردنی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەر، واتە لەماوەی پرۆسەی پێشکەشکردن و دەستپێکردنی خوێندن داوا ناکرێت.

هەروەها کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر نابێت لە %60 کەمتربێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس، هاوکات کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت لە %70 کەمتربێت لە خوێندنی ماستەر  و لە %60 کەمتر نەبێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس.

بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی تێكڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پیشکەشکار رەچاو ناکرێت بۆ پێشکەشکردن، هەر پێشکەشکارێك تێكڕای نمرەی %50 ـی هەبێت مافی پێشکەشکردنی ئەمجۆرە خوێندنەی هەیە.

سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، بە هێنانی نووسراوی پشتگیری لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دەرەوەی پلانی پەسەندکراو، کورسی خوێندیان بۆ تەرخان دەکرێت.