فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: شکست بە هەوڵەکانی یەکێتی هێندرا بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەک لە هەرێمی کوردستان

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان و لەبارەی پەسەندکردنی بودجە روونکردنەوە.

لە دانیشتنی رۆژی شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023) هەوڵدرا چەند بڕگەیەک بە پێچەوانەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەک کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژ بەو هەوڵە وەستانەوە جگەلە فراکسیۆنی یەکێتی.

لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەش بەوەکراوە، سەرجەم هەوڵەکانی یەکێتی بۆ زیان گەیاندن بە هەرێمی کوردستان شکستی پێهێندرا.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر دەستووریی بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانییەکی زۆری ئەنفال و کیمابارانکردنە و باسیان لەوەشکرد، کە سەرجەم فراکسیۆنەکان لە بەرامبەر ئەو هەوڵانە وەستانەوە دژ بە زیان گەیاندن بە قەوارەی هەرێمی کوردستان جگەلە فراکسیۆنی یەکێتی.

دەرچوونی یاسای بودجە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەر چەندە هەموو خواستەکان بەدینەهێناوە بەڵام لەگەڵ تێپەڕاندی یاساکە بوون کە دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی دەچەسپێنێت و بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.