زانیاری لەبارەی میکانیزمێک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ئاشکرا دەکرێت

"لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدراوە"
مووچە
مووچە

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو پێشنیازەی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خرایەڕوو، لە یاسای بودجەی عێراق دەنگی پێدراوە.

لەبارەی وردەکاری میکانیزمی ئەو پێشنیازە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە یاسای بودجەدا هاتووە بڕی پارەی زیادەی نەوت کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لە هەر پارێزگایەک بۆ بوارێک دانراوە، لە هەرێمی کوردستان کە لەمەودوا نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە دەکرێت، پڕۆژەیەکمان پێشکەشکرد کاتێک نرخی نەوت بە زیاتر لە 70 دۆلار دەفرۆشرێت پارەکە بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە بێت، ئەو پێشنیازەمان لە دانیشتنی پەرلەمان خرایە دەنگدان و ئەو بڕگەیە دەنگی پێدرا، کە لە پارەی زیادەی نرخی نەوت بە رێژەی لە سەدا 12 مانگانە بدرێتەوە بە فەرمانبەران".

راشیگەیاند: "لەبارەی پاشەکەوتی مووچە پێشتر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ماڵی فوئاد حوسێن، گوتم فەرمانبەرانی ئێمە لە ئەنجامی سیاسەتی حکومەتی عێراق مووچەکانیان پاشەکەوت کراوە، چونکە بودجەی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە، بەدوای ئەوە گەڕاین پارەی بۆ دیار دیاربکرێت، ئەویش لە پارەی زیادەی نەوت".

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتیشی: "بۆچوونی ئێمە بە گشتی لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە، بەداخەوە ئەو بودجەیەی رێککەوتنی لەسەر کرابوو و چەند مانگێک گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای لەسەر کرا، لە پەرلەمان دەستکاری کرا، زۆر لەو ماددانە بە روحێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان داڕێژرانەوە، هەروەها ئەو ماددەی کە یەکێتی پێشکەشی کرد هەرچەندە ئەوەمان لەباربرد، بەڵام نەدەبوو باس بکرێت".