کیم جۆنگ ئون پشتیوانی خۆی بۆ پوتن دووپاتکردەوە

K24 - هەولێر:

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا دووپاتکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، بەبۆنەی رۆژی نیشتمانی رووسیاوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور پەیامێکی ئاڕاستەی ڤلادیمێر پوتن کردووە و تیایدا بەڵێنی ئەوەی داوە، بەردەوامدەبن لە هەماهەنگی ستراتیژی لەگەڵ مۆسکۆ و پشتیوانی تەواوی هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا دەکەن.

کیم جۆنگ ئون لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە کۆتایدا دادپەروەری بەدی دێت و گەلی رووسیا بۆ مێژووی سەرکەوتنەکانیان دەگەڕێنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ویستی کارکردنی درێژخایەنیان لەگەڵ مۆسکۆ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیان هەیە.