ناتۆ گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا دەستپێکرد

فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتانی ناتۆ
فڕۆکەیەکی جەنگی وڵاتانی ناتۆ

K24 - هەولێر:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا بەناوی 'ئێر دیفێندەر 23' دەستپێکرد.

مانۆڕی ئێر دیفێندەر 23 تا رۆژی 23ی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت، تێیدا 250 فڕۆکەی جەنگی و 25 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ هاوشان لەگەڵ سوید و ژاپۆن بەشداری تێدا دەکەن.

هاوکات، زیاتر لە 10 هەزار سەرباز بەشداری مانۆڕەکە دەکەن و ئامانجیش لێی، نیشاندانی یەکگرتووی هاوپەیمانێتییەکەیە دژی هەڕەشە دەرەکییەکان.

لەو بارەیەوە، ناتۆ لە پێگەی خۆی ئاماژەی بەوەداوە، رێکخراوەکە بەرگری لە خاکی سەرجەم ئەندامەکانی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، بنەمای کارکردنی هاوپەیمانێتییەکە بەرگریکردنە نەک هێرشبردن.

لەلای دیکەوە، ئەیمی گۆتمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا روونیکردەوە، ئەم مانۆڕە سەربازیانە ئامانج لێیان گەیاندنی پەیامێکە، بەتایبەتی بۆ رووسیا، گوتیشی: بە هەماهەنگی پێکەوە هێزمان چەند هێندە دەکەین.

مانۆڕەکە راهێنانی ئۆپەراسیۆن و تاکتیکی لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، هەروەها لە کۆماری چیک، ئیستۆنیا و لاتڤیا.