لە دهۆک کەسێک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا و براکەشی بریندارە
K24 - هەولێر
بەیانی ئەمڕۆ لە شاری دهۆک کەسێک لەلایەن ئامۆزاکەیەوە دەکوژرێت، براکەشی بریندارە. پۆلیسیش دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 05:00 لە گەڕەکی 'نەزارکێی' دهۆک، سێ کەس بە چەک هێرشیان کردە سەر دوو ئاموزایان، یەکێکیان کوشتووە و ئەوەی دیکەشیان بریندار کردووە.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاماژەی پێ دەدات، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی (شاکر حامد حەسەن)ـە، تەمەنی 43 ساڵە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی دهۆکە. ئەو کەسەی برینداریش کراوە، گولـلـەیەک بەر پێی کەوتووە، ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕۆشکێی دهۆکە و تەندروستیی جێگیرە.
بەگوتەی هێمن سلێمان، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و ناسنامەی ئەو سێ کەسەیان ئاشکرا کردووە کە هێرشیان کردووەتە سەر ئاموزاکانیان و فەرمانی دەستگیرکردنیان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق بۆ دەرچووە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 2ـی حوزەیرانی 2023، نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی بەیانی لە گەڕەکی رەزای شاری دهۆک، ژنێکی 24 ساڵ بە چەقۆ هاوسەرەکەی کوشت و دواتر لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە دەستگیر کرا.