دامەزراندن لە عێراق دەست پێدەکاتەوە

دامەزراندن
دامەزراندن

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد، بەپێی رێژەی دانیشتوان و بەشێوەیەکی بەردەوام، دامەزراندنی 150 هەزار پلەی وەزیفی بۆ هەر پارێزگایەک تەرخانکرا، وەک بەشێک لە بڕگەکانی دامەزراندن لە بودجەی سێ ساڵی فیدراڵی پەسەندکرا و دەنگی لەسەر درا.

یاسر ئەلحوسێنی، سەرۆکی کوتلەی "ئامال ئەلوەتەنیە" راگەیاند، لە بودجەدا دەنگ لەسەر بابەتێک دراوە کە بریتییە لە دابەشکردنی 150 هەزار پلەی وەزیفی بەسەر پارێزگاکاندا، ئەمەش بەپێی رێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک دەبێت، هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە پارێزگا هەیە دامەزراندنیان کەمە، وەک بابل 26 هەزار پلەی کار، کەربەلا 24 هەزار پلەی کار و هەروەها پارێزگاکانی دیکەش.

ئەلحوسێنی لە لێدوانێکیدا بۆ شەفەق نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمان بڕیاریدا بە پەسەندکردنی 150 هەزار پلە بەپێی رێژەی دانیشتوان بڕوات، نەک لەسەر خشتەیەکی کاتی، بەڵکو بەشێوەیەکی بەردەوام، روونیشیکردەوە، ئەم بڕگەیە نەنووسراوە، بەڵکو بەدەنگ بووە، و ئێمەش دەنگمان لەسەر داوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی حوزەیرانی2023، پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025، دا، ئەمەش دوای گفتوگۆکردنێکی چڕ کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.

بەهای بودجەی ئەمساڵ 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقییە، نزیکەی 152.2 ملیار دۆلارە، بە کۆی گشتی کورتهێنانی بودجە 63 ترلیۆن دینارە.