هۆشیار زێباری: پێویستە نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 90 دۆلار تا بەرنامەی بودجە بەباشی بەڕێوەبچێت

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەب سیاسی پارتی هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە  و ئاماژە بەوە دەدات، بۆ ئەوەی بەرنامەی بودجەی ئێستای عێراق بەباشی بەڕێوەبچێت، پێویستە نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 90 دۆلار. رەخنەش لە ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی دارایی دەگرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تویتێکدا هۆشداری دایە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و رایگەیاند، " ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت نەگاتە 90 دۆلار، بەرنامەی بودجەی عێراق بەباشی بەڕێوەناچێت."

چەند رۆژێک پێش ئێستا وەکو ئەوەی لە لە تویتەکەی زێباریدا ئاماژەی پێ دراوە، لە عەمانی پایتەختی ئوردن، پسپۆڕانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکی رەخنە ئامێزدا بەرپرسانی عێراقییان ئـاگادارکردووەتەوە، "ئەو بوجەیەی هەیە کارەکانی تەنها ئەو کات راستەڕێ دەبن، ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 90 دۆلار."

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە تویتەکەیدا باسی لە وەزیری ئێستای دارایی عێراق کردووە و گوتوویەتی "تەیف سامی پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 80 دۆلار تا بودجەکە یەکسان بێت، لەکاتێکدا ئەندامانی لیژنەی دارایی توانای خوێندنەوە و نوسینیان بەعەرەبی نییە ، کەواتە دۆخەکە چۆن ڕاستەرێ دەکرێت".

ئەم تویتەی هۆشیار زێباری هاوکاتە لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.