چوار گوندی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێنە ناحیە

پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر

سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چوار گوندی سنووری پارێزگاکە دەکاتە ناحیە و ناحیەیەکیش بە قەزای پیرمامەوە دەلکێنێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیش دەنگ بە گۆڕانکارییەکان دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی سێشەممە کاتژمێر 10:30 بەیانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 109ـی خۆی بە مەبەستی دەنگدان لەسەر هێنانەکایەی ژمارەیەک گوند و ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگاکە ئەنجامدەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی عەلی رەشید ئاماژەی پێ دا، ئەندامان دەنگ لەسەر هێنانەکایەی هەر سێ ناحیەی کۆڕێ، بناری سەفین و بەستۆرە لە سنووری قەزای پیرمام و ناحیەی بێستانە لە سنووری قەزای بنەسڵاوە دەدەن.

 سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونیشیکردەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر هێنانەکایەی گوندی حاجی هارۆن لە ناحیەی بەحرکە – قەزای ناوەندیی هەولێر و گوندی ئازاد لە ناحیەی باسرمە – قەزای شەقلاوە دەدرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی عەلی رەشید ئاماژەی پێدا، دەنگ لەسەر لکاندنی ناحیەی دارەشەکران، کە ئێستا سەر بە قەزای خەباتە؛ بە قەزای پیرمامەوە دەدرێت.

لەبارەی ئایا ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ لەسەر هێنانەکایەی ئەو گوند و ناحیانە دەدەن یان نا، عەلی رەشید گوتی، "پێموایە برادەرانی یەکێتیش دەنگ بەو گۆڕانکارییانە دەدەن و بەدووری دەزانم هیچ کێشەیەکی لەو جۆرە رووبەروومان ببێتەوە".

وەکو ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێ دا، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگاکە ئەو گۆڕانکارییانەی پەسەند کرد، کۆی گۆڕانکارییەکان دەکرێنە نووسراوێک و ئاراستەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر نووسراوەکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیران بەرزبکرێتەوە.

قەزای پیرمام  کە بە (مەسیف سەڵاحەدیین) ناودەبرێت  لە رووی ئیدارییەوە سەر بە سنووری پارێزگای ھەولێرە  بەدووری 28  کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای شاری ھەولێر و ژمارەی دانیشـتووانـی بـە 54 هەزار و 600 کـەس مەزەندە دەکرێت.

لە رێککەوتی  4ی تشرینی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ ناحیەی عەنکاوە، بڕیاری بەقەزابوونی عەنکاوە و پیرمامی دا.

هەرچی قەزای بنەسڵاوەیە؛ لە رووی جوگرافییەوە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر، سەرەتای مێژووی دروستبوونی قەزاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( 1987)  كە لە لایەن رژێمی پێشوو كرایە كۆمەڵگەی زۆرە ملێ‌ و زۆربەی خەڵكەكەی لە پاشماوەی ئەنفال و دەركراوەكانی گوندەكانی سنوور و ناوەندی پارێزگای كەركووك و هەولێر بوون كە نزیكەی چوار هەزار كەس دەبوون.

لە ساڵی (1997) بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی (بنەسڵاوە)، دواتر سنوورەكەی زیاتر فراوان بوو تا لە ساڵی ( 2002) كرا بە قایمقامیەتی قەزای بنەسڵاوە و سێ‌ ناحیە (دارەتوو ، كەسنەزان ، قوشتەپە) لە خۆدەگرێت و رێژەی دانیشتوانی ئێستا نزیكەی 131 هەزار و 548 کەس دەبن.