راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق: کەمپی هۆڵ سەرچاوەیەکە بۆ پشتیوانی لە تیرۆر

قاسم ئەعەرەجی،راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئەعەرەجی،راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دووپاتیکردەوە کە کەمپی هۆل سەرچاوەیەکە بۆ پشتیوانی تیرۆر، پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ئەمڕۆ دووشەممە (12ـی حوزەیرانی 2023)، قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە میانەی کۆنفرانسێکی تایبەتدا سەبارەت بە کەمپی هۆل، بە ئامادەبوونی بلاسخارت و ژمارەیەک لە باڵیۆز و سەرکردە ئەمنییەکان و پسپۆڕان لە سەنتەری ئەلنەهرەین بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، رایگەیاند، "کەمپی هۆل بۆمبێکی کاتییە و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە".

ئەعرەجی ئاشکرایکرد، کەمپەکە سەرچاوەیەکە بۆ پاڵپشتی تیرۆر، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسان و باڵیۆزەکان دەکات هاووڵاتیانی خۆیان لەم کەمپە بکشێننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت بە بڕیارێکی بوێرانە 1298 خێزانی لە کەمپەکەوە گواستەوە بۆ ناو شارەکانی عێراق". باسی لەوەشکرد، "ژمارەی ئەو خێزانانەی کە ئێستا لە کەمپەکەدان نزیکەی 7000 خێزانن".

جەختی لەوەشکردەوە، "ژمارەکە لە زیادبووندایە، چونکە لەدایکبوون لەم کەمپەدا بەردەوامە، کەمپەکە تا دێت ژمارەی تیرۆستیانی تێدا زیاد دەبێت، لە کاتێکدا هیچ وڵاتێک ئامادە نییە تیرۆرستان لەخۆبگرێت".

ئەعەرەجی گوتی: "منداڵەکانی ئەم کەمپە بێتاوان و قوربانین، بەڵام بوونی ئەوان لەم کەمپەدا لە داهاتوودا دەیانکاتە تیرۆریست". گوتیشی: "کەمپی هۆل پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە".

لە دوای لە دەستەدانی دەسەڵاتییان لە سووریا لە ساڵی 2019، بە شێکی زۆر لە خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل دەستبەسەرکران. ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە نزیکەی 57 هەزار کەس دەبێت و %90ی ئافرەت و منداڵانی ئەو چەکدارانەن کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستگیرکراون یاخود کوژراون لە رووبەڕووبوونەوەی سەربارزییەکاندا.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری ئەمنی کەمپەکەن.

جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی لەخۆ گرتووە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیاندا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 رۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیرارانی نێو زیندانەکە بوون.

راگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەوروپی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان رەتییانکردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ریزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریان زاڵە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداریان داوە لەو مەترسیانەی لە کەمپەکانەوە سەرهەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لەلایەن دایکیانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.