مۆرینهۆ ده‌یه‌وێت یاریزانێك له لیڤه‌رپوول بڕفێنێت
رۆژنامه‌یه‌كی بریتانیا ئاشكرای كردووه كه مۆرینهۆ هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ناوه‌ڕاستكاره وێڵزییه‌كه‌ی یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌ست پێكردووه.
به‌پێی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی guardian، خۆزێ مۆرینهۆ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی راسپاردووه كه كار بۆ كڕینی جۆی ئالین، ناوه‌ڕاستكاری یانه‌ی لیڤه‌رپوول بده‌ن.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد بڕی 25 ملیۆن پاوه‌ندی بۆ كڕینی ئه‌م یاریزانه ته‌مه‌ن 24 ساڵه‌ی ریدز ته‌رخان كردووه كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له یۆرۆی 2016 ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد.
جۆی ئالین، له هاوینی 2012 له یانه‌ی سوانزی سیتییه‌وه بۆ ریزه‌كانی لیڤه‌رپوول گواسترایه‌وه، یۆرگن كلوبی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوولیش به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی چه‌ند یاریزانێكه‌وه ده‌رفه‌تی رۆیشتنی بۆ ئه‌م یاریزانه ره‌خساندووه.