دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی 37 تۆمەت کراوتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی دیاری پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، 37 تۆمەتی رووبەڕوو کراوەتەوە و تۆمەتبارە بە درکاندنی زانیاری هەواڵگری و هەڵگرتنی زانیاریی زۆر پۆلێنکراو لەبارەی توانای ئەتۆمی و سەربازی ئەمەریکا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە دەرەوەی کۆشکی سپی.

جیا لەوەش زانیاری زۆر هەستیاری لەبارەی پلانە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەلای رۆژنامەنووس و هاوڕێکانی درکاندووە، ترەمپ بەردەوام تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و پێیوایە دادگاکانی ئەمرەیکا بڕیارەکانیان سیاسیین و دەیانەوێت رێگری لێبکەن لەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ـی ئەمەریکا خۆی هەڵبژێرێتەوە.

ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ترمپ کراونەتەوە، زۆربەیان پەیوەستن بە هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی وڵاتەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی، بەڵگەنامەکانیش زۆر هەستیاربوون و تایبەت بوون بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا. هەروەها بۆ یەکەمجار تەواوی وردەکاری تۆمەتەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دوتوێی 49 لاپەڕەدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کران.

بەشێک لەو تۆمەتانەی رووبەرووی دۆناڵد ترەمپ کراونەتەوە بریتین لە هەڵگرتنی نهێنییەکانی وەزارەتی بەرگری و ئاژانسەکانی دیکەی ئەمەریکا بەشێوەیەک نەدەبوو ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە لە کۆشکی سپی بچنە دەرەوە.

هەروەها درکاندنی زانیاریی لەبارەی توانای سەربازی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، لەلای هەندێک رۆژنامەنووس و چالاکوان و هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا مافی ئەوەیان نەبووە ئەو زانیارییانە بزانن.

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکانی ئاراستەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کراوەتەوە. بریتییە لە درکاندنی پلانی هێرشە سەربازییەکان لەلای هاوڕێکانی لە کاتی دانیشتن لەگەڵیان ئەو زانیارییە پۆلێنکراوانەی لەبارەی پلانی تۆڵەسەندنەوە و هێرش لەلایەن دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی بەرگرییەوە بۆی رەوانەکراوە درکاندوونی.

هاوکات هەڵگرتنی زانیارییە زۆر نهێنییەکان لە پاڵم بیچ لە فلۆریدا کە شوێنی مانەوەی تایبەتی ترەمپی لێیە، لە لاپەڕەکانی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بە رووی ترەمپدا تۆمارکراوە و باس لەوە دەکات هەڵگرتنی بەڵگەنامەکان لەو شوێنەدا، مەترسی ئەوەیان لەسەر بووە ئەو زانیارییانە ون ببن یان بکەونە دەست نەیارەکانی ئەمەریکا.

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، شێوازی هەڵگرتنی بەڵگەنامەکانیش لە شوێنی گونجاو بەشێکی دیکەی تۆمەتەکانی ترەمپە، ئاماژە بەوەکراوە، ترەمپ بەڵگەنامەکانی لە ژووری نوستن و گەرماو و دەستشۆرەکاندا هەڵگرتوون.

تۆمەتێکی دیکەش ئەوەیە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا ترەمپ زانیاری هەڵەی داوەتە ئێف بی ئای و دەزگا هەواڵگرییەکان و هەوڵیداوە دادوەر و دادگا بەلاڕێدا بەرێت، هەروەها لە هەمووی گرنگتر، لیستی تۆمەتەکانی ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ترەمپ لە دانپێدانەکان و نکۆڵیکردن لە هەبوونی ئەو بەڵگەنامانە کردووە کە دەستی بەسەردا گیراوە.

واشبڕیارە رۆژی سێشەممە (13ـی حوزەیرانی 2023)، جارێکی دیکە ترەمپ بچێتە بەردەم دادگای مەیامی. هەرچەندە ترەمپ بەردەوام تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەمەریکا وەک سەردەمی ستالین و کۆمۆنیستەکانی چینی لێهاتووە و نەیارە سیاسییەکان تۆمەتیان بۆ دروستدەکرێت و دەیانەوێت بیانخەنە بەندیخانە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، دۆناڵد ترەمپ وەک دیارترین کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستی بە کەمپینەکانی هەڵبژاردن کردووەتەوە.

لەلایەن خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد کە پێیوایە ئەم تۆمەتبارکردنەی بە پێچەوانەی ئەوەی نەیارەکانی پلانیان بۆ داناوە، بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی دەنگەکانی، تا ئێستاش دیارنییە، دوای بڕیاری کۆتایی دادگا لەسەر ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی کراونەتەوە، ترەمپ دەتوانێ هۆی هەڵبژێرێتەوە یان نا؟

ئەو بەڵگەنامانەی ترەمپ هەڵیگرتووە
ئەو بەڵگەنامانەی ترەمپ هەڵیگرتووە