بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە لە شاری دهۆک دانرا

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و یوتێرنێک لە سەنتەری شاری دهۆک دانرا و پارێزگاریش دەڵێت، دوای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە جەنجاڵی هاتووچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی حوزەیرانی 2023، بەردی بناغەی قۆناغی یەکەمی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی "بناڤی یەک" و یوتێرنی "ماڵتا" لە سەنتەری شاری دهۆک دانرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بناڤی یەک، کێشەی جەنجاڵی هاتووچۆ لە سەنتەری شاری دهۆک و لەسەر شەقامی بارزان چارەسەر دەکات.

وەکو ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا، دوای دروستکردنی ئەو ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسە، بێجگە لە ترافیکلایتی شێخان، هیچ ترافیکلاییتێکی دیکە لەسەر رێگەی هاتووچۆی هەو هاووڵاتییانەی هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نامێنێت کاتێک سەردانی دهۆک دەکەن.

هاوکات لەلایەکی دیکەوە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، دروستکردنی یوتێرنی ماڵتا کێشەیەکی گەورەی هاتووچۆی هاووڵاتییان لەسەر رێگەی بارزان چارەسەر دەکات و هۆکارێک دەبێت بۆ کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆی رۆژانە.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا، کاتێک هاووڵاتییەک لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە دەچێتە هەولێر، لە تەواوی رێگاکە تەنها ترافیک لایتی شێخانیان لەبەردەمدا دەبێت و لە بەرنامەیاندایە ئەو ترافیکلایەتەش لابدەن.