خانهوادهیهكی كورد له رووسیا گهورهترین پڕۆژه لهسهر ئاستی ئهو وڵاته و ئهوروپا دهكهنهوه
K24 - مۆسکۆ
لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، خانەوادەیەکی کورد گەورەترین پڕۆژە بۆ مەلەوانی و پشوودان لەسەر ئاستی رووسیا و ئەوروپا لە قەراغ رووباری مۆسکۆ دەکەنەوە.
پڕۆژەکە بەشێکە لە دوورگەی خەونەکان و لە پێنج مەلەوانگە پێکهاتووە، رووبەری گەورەترینیان 1700 مەتر چوار گۆشەیە، ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، شوێنی خلیسکان و یاری سەر ئاو و شوێنی تایبەتە بۆ یاری و مەلەوانی منداڵان، مەلەوانگەکانی پڕۆژەکە لە رێکەوتی 12/6/2023، لە رۆژی رووسیادا بەرووی گەشتیار و میواناندا کرانەوە.
سزا و گەمارۆکانی وڵاتانی نەیاری مۆسکۆ، ژیان و کارکردنی سەرمایەدارەکانی دژوارتر کردووە، بەڵام ئەم خانەوادە کوردە، بەردەوام لە خەمی ئەوەدان، چۆن لە گۆڕەپانی فرەچەشنی رووسیادا ئامادەییان هەبێت، ئەمجارە بە کردنەوەی گەورەترین مەلەوانگە لەسەر ئاستی رووسیا و ئەوروپا ریکۆردێکی تریان تۆمارکرد.
ئەمیران زەلیمخان موتسۆیێڤ، خاوەنی پرۆژەی مەلەوانگەی خەونەکان و بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی رگیۆن بە کوردستان24ی گوت: "ئەم پڕۆژەمان یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان لەسەر ئاستی رووسیا و ئەوروپا".
دریم بیچ کڵەب، مەلەوانگەیەکی سەرکراوەیە لە تەنیشت رووباری مۆسکۆ دروستکراوە، گەرمی ئاوەکەی 32 پلەی سیلیزییە و بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ گونجاوە بۆ مەلەوانی، جوانی ناوچەکە و تایبەتمەندییەکانی مەلەوانگەکە، سەردانیکارانی سەرسام کردووە.
مۆسکۆ یەکێکە لە پایتەختە جوان و ناودارەکانی جیهان، رۆژ دوای رۆژ پڕۆژەی گەشتیاری گرنگ و سەرنج راکێشی زیاتری تێدا جێبەجێ دەکرێت، خانەوادەی زەلیمخان موتسۆیێڤ رۆڵێکی گەورە دەبینن لە پێشخستن و گەشەی شارەکەدا.