لانە زەنگەنە: خەونەکانم لە رێگەی هونەرەکەمەوە هاتوونەتە دی

لانە زەنگەنە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ
لانە زەنگەنە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ

K24 – هەولێر:

"لانە زەنگەنە"، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ساڵانێکی زۆرە  لەناو هونەردایە و چەند کارێکی بڵاوکردووەتەوە و توانیویەتی ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات، هاوکات گوتیشی: خەونەکانم لە رێگەی هونەرەکەمەوە هاتوونەتە دی.

لانە زەنگەنە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەبارەی خولیای خۆی بۆ کاری هوونەری بە کوردستان24ــی راگەیاند، "تاکو ئێستا پەشیمان نیم لە هیچ کارێکی هونەریم، زۆر وریای کارەکانمم، سەرجەم ئەو کارانەی کردوومە حەزێکی زۆری خۆمی لەسەر بووە و خۆشەویستیم بۆ کارەکە هەبووە، جگە لەوەی هەموو ئەو کارانە لەلای من کاری جوان بوونە، بۆیەش لە هیچ کارێکی هونەریم پەشیمان نیم".

سەبارەت بە فێربوونی زمانی کوردی، ئەو گۆرانیبێژە کوردە گوتی، "بەهۆی ئەوەی لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا بووم و کوردستمانمان جێهێشت، کوردییەکەم باش نەبوو، کاتێک چووینە هۆڵەندا ناچاربووین بە زمانی هۆڵەندی قسەبکەین، زۆر دڵنیانیم، بەڵام هەڵەنەبم لە تەمەنی 14 یان 16 ساڵی بوو، کە ئەلبوومێکی هونەرمەند "زەکەریا عەبدوڵا"ـم کڕی و وشە بە وشە هۆنراوەکانیم لەسەر کاغەزێک دەنووسییەوە، باوکیشم هاوکاری زۆری کردم و ئەوسا بەتەواوی فێری زمانی کوردی بوومەوە".

لەبارەی ئاشکرانەکردنی تەمەنی، لانە زەنگەنە گوتی، شانازی بەتەمەنی خۆم دەکەم، چوونکە هەموو ساڵێکم جوان بووە و شتی نوێم بینیووە و هیچ شەرمێکم نییە لە ئاشکراکردنی تەمەنی خۆم، چونکە ساڵ بە ساڵ سەرکەوتنی زیاتر بەدەستهێناوە.

ئەو گۆرانیبێژە کوردە، لەبارەی پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ هونەرمەندان، رایگەیاند، "لەگەڵ تەواوی ئەو هونەرمەندانەی دەیانناسم نێوانمان زۆر باشە و ڕێزی زۆریان لێ دەگرم، چونکە ئەوانیش کاری جوان و باش بۆ هونەر دەکەن، ناشمەوێت نێوانم لەگەڵ هیچ کەسێک ناخۆشبێت".

لانە زەنگەنە، وەۆک خۆشی ئاماژەی پێدەکات، تەمانی 16 ساڵ بووە کە کتێبێکی خوێندووتەوە کە تیایدا نووسرابوو: "ئەگەر دەتەوێت لە ژیانتدا سەرکوتووبیت پیویستە جەند خاڵێک بۆخۆت دابنێی"، هەروەها 50 خاڵی بۆخۆی نووسیەوە و پیێوابوو ئەوانەی نووسیوەتی دەبێت بە تەواوی جێبەجێیان بکات. گوتیشی: تا ئیستا %60 سەرکەوتوبوومە و ئەوەی ویستوومە هاتووەتە دی.

لەبارەی نوێترین کاری هونەری خۆی، ئەو گۆرانیبێژە کوردە رایگەیاند، "کاری هونەری نوێم هەیە، بەڵام نامەوێ ئێستا کاری تەواوی لەسەر بکەم، چونکە بەکاری دیکە سەرقاڵم و لە راستیشدا بارودۆخەکە هی ئەوەنییە ئێستا بڵاوی بکەمەوە".