ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق لە دۆخێکی خراپ‌دا دەژین
K24 - هەولێر:
ئاوارە عێراقییەکان کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بەشێکیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و کار و سه‌قامگیری، دەڵێن ژیانی کەمپەکانیان زۆر بەلاوە باشترە.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین و حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکیان ناکات ئەوەی هەیە تەنیا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە بۆیان دابین دەکرێت.
کوردستان24 بەدواداچوون بۆ ژیانی بەشێک لە ئاوارەی کەمپەکان دەکات نەغەم، کە لە ساڵی 2015 مێردەکەی بە دەستی چەکدارانی داعش شەهیدکراوە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە ساڵانێکە لەگەڵ خەمەکانی ژیان بەڕێدەکات.
ژیان بۆ نەغم محەممەد گرانە چونکە دەبێت شەش منداڵەکەشی بەخێوبکات، بەڵام ئەوەی خەمەکەی بۆ ئەوان گرانتر کردووە ئەوەیە کە مێردەکەی تاوەکو ئێستا بە شەهید لەقەڵەم نەدراوە بەڵکو، حکومەتی عێراق بە وونبووی هەژمار کردووە و تا ئێستاش مووچەی نییە.
ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی مانەوەیدا لە کەمپی ئاوارەکان سەردانی نەغەم و منداڵەکانی کردووە و شوێنی نان خواردن و حەوانەوەیان نیشاندەدات.
نەغەم بۆ کوردستان24 گوتی، "ئێمه كه نامانه‌وێت له كه‌مپه‌كه بچینه ده‌ره‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ خانووێك و مووچه‌یه‌كمان نییه، پیاوه‌كه‌م له ساڵی 2015 له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژرا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له مووسڵ سه‌ر به هێزه ئه‌منییه‌كان بوون و له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژراون، حكومه‌تی عێراق به بێشه‌روشوێن تۆماریكردوون و تا ئێستا هیچ شایسته‌یه‌كی خانه‌واده‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌یان نه‌داوه، حكومه‌تی عێراق جارێك ده‌ڵێت له‌ناو بودجه‌دا شوێنی بۆ كراوه‌ته‌وه، جارێكی دیكه بڕیارێكی نوێ ده‌دات و ده‌ڵێت، هیچ هاوكارییه‌ك هاوسه‌ری ئه‌و شه‌هیدانه ناگرێته‌وه و مافه‌كانمان پێناده‌ن".
لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی عێراقەوە، نەغەم دەڵێت، "حكومه‌تی عێراق هیچ شتێكمان پێ نادات، هه‌رچه‌ند دۆخی كه‌مپه‌كه‌ش زۆر سه‌خته و هاوكارییه‌كان زۆر كه‌من، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران هه‌موو شتێكی له‌سه‌رمان بڕیوه و پێشتر كارتۆنێك خۆراكی پێده‌داین، ئێستا ئه‌ویشمان پێ ناده‌ن".
هەروەها ئاوارەیەکی دیکە بەناوی فەتحی عەبدوڵڵا، دوای چەند ساڵ لە ئاوارەبوون، گلەیی زۆر لە حکومەتی عێراق هەیە، بەتایبەتیتر وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق، دەڵێت بچووکترین ماف کە ئاو و کارەبایە لە رۆژیکدا تەنیا چوار کاتژمێر هەیانە.
فەتحی چەند کۆترێک بە پەیامنێری کوردستان24 نیشاندەدات و دەڵێت "ئه‌و كۆترانه‌مان بۆ كوڕه بچووكه‌كه هێناون، نه شارێكی یاریمان هه‌یه و نه‌هیچ شتێك بۆ ئه‌وه‌ی سه‌بوورییان پێوه بێت، ده‌چنه ده‌ره‌وه و به‌درێژایی رۆژ له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دان، دۆخی ئێمه زۆر سه‌خته، سه‌به‌ته‌ی خۆراك نییه و ده‌رماڵه‌ی مانگانه‌شیان بڕیوه، ئێستا ئاویشمان نییه، چونكه گرێبه‌سته‌كه كۆتایی هاتووه، كاره‌با رۆژانه ته‌نیا سێ كاتژمێر هه‌یه، سێ كاتژمێر به‌شی چی ده‌كات؟".
ئەو ئاوارە عێراقییە گوتیشی "ئێستا من نه‌خۆشێكم هه‌یه ده‌بێت 24 کاتژمێر له ماڵه‌وه بێت، من چیی پێ بڵێم، مووچه نییه و بۆ چاره‌سه‌ریش پێویستیم به چوار ملیۆن دینارە، من ئه‌و پاره‌یه له‌كوێ بهێنم، رێگه‌شمان ناده‌ن بگەڕێینه‌وه سه‌ر زێدی خۆمان، لێره‌ش خێمه به خێمه‌وه‌یه و كه‌شوهه‌واكه‌ش زۆر گه‌رمه".
لەبارەی هاوکاریییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەتحی دەڵێت، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر چاكه‌ی به‌سه‌رمانه‌وه هه‌بووه و هه‌وڵی زۆریشمان بۆ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریمان بۆ كۆبكاته‌وه، به‌ڵام هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڕاون و حكومه‌تی عێراقیش له دۆخی ئێمه بێباكه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه، دۆخی ئێمه زۆر له‌مه‌ش خراپتر ده‌بوو".
دەشڵێت، "من ئاماده‌م بگه‌ڕێمه‌وه شوێنی خۆم، به‌ڵام هیچ شتێكم نییه پشتی پێ ببه‌ستم، تۆ ئۆتۆمبێلت پێیه و وه‌ره با به‌یه‌كه‌وه بچین سه‌یری بكه‌ین بزانه چۆن خانووه‌كه‌م ته‌ختی زه‌وی كراوه، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو شه‌رمه‌زارم بكه، كه‌واته روو له كوێ بكه‌م، من سێ هاوسه‌رم هه‌یه و له دوێنێوه كوڕه‌كه‌مم ناردووه بۆ ئه‌وه‌ی كرێكاری بكات تاوه‌كو ده‌رمان بۆ دایكی بكڕێت، روو له‌كوێ بكه‌م؟ نازانم روو له‌كوێ بكه‌م".
بەشێک لە ئاوارەکان روونی دەکەنەوە، چاویان لە دەستی خێرخوازانە، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەموو هاوکارییەکانی لێیان بڕیووە. کونسوڵخانەی ئیمارات بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ جەژنی قوربان بە بڕی 250 هەزار دۆلار هاوکاری خێزانەکان دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان 664 هەزار و 224 ئاوارەی ناوخۆیی دەژین و بەشێکیان لە کەمپەکان نیشتەجێکراون بەڵام بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و سەلامەتی ژیانیان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەیە و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆکە.