زیاد رەزا: یەکێتی هیچ بەڵگەیەکی نییە کە دەڵێت غەدر لە سلێمانی کراوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

یەکێک لە بیانوەکانى یەکێتى بۆ دەنگدان بە مامەڵەى جیاى دارایی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە نێو یاسای بودجە ئەوەیە کە چیتر غەدر لە سلێمانى نەکرێت، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دەڵێت یەکێتى هیچ بەڵگەیەکى نییە کە غەدر لە سلێمانى کرابێت.

غەدر لە سلێمانى، ئەو بابەتەى کە بووە بیانویەک بۆ ئەوەى ئەجێنداى جۆراوجۆرى ووڵاتان بەسەر هەرێمى کوردستان و بە تایبەتر پارێزگاى سلێمانی جێبەجێبکرێت، یەکێتى دەڵێت غەرد لە سلێمانى کراوە و بە پەسەندکردنى ئەو بڕگەیەى یاسای بودجەش چیتر غەدر لە سلێمانى ناکرێت، ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای سلێمانیش پێى وایە یەکێتى هیچ بەڵگەیەکى نییە کە غەدر لە سلێمانى کراوە ئەگەر غەدریش کراوە بۆ نوێنەرەکانیان لە حکومەت نەیان خستووەتەڕوو.

زیاد رەزا، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى بۆ کوردستان24 گوتی، بە هیچ شێوەیەک بەڵگە نییە، باشە چۆن یەکلایى دەکەیتەوە کە غەدرت لێکراوە کێ ئەمە یەکلایی دەکاتەوە و هانا بۆ کوێ دەبەیت ئەگەر غەدر دەکرێت، دەبوایە بەڵگەکانی داهات و دەستکەوتی پارەی ئەو ناوچەیە بخرایە بەردەم ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کە دەیان جار داواى داوایکردووە بەڵام کەسمان نازانین داهاتى ئەم سنوورە چەندە و چى لێدێت.

لە کۆبوونەوەى مانگى رابردووى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان کە تیمى یەکێتىیش بەشداربوون بڕیاردرا بە ناوەندیکردنى کۆکردنەوەى هەموو داهاتەکان بۆ ئەوەى بە مەرکەزیى مووچە دابەش بکرێت، یەکێتیش بەوە رازى بوو، بەڵام ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق داوایکرد و دەنگی بۆ کۆکردەوە، بابەتێکی جیاوازبوو لەو رێککەوتنە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەنوەر کەریم، ئەندامى ژوورى توێژینەوەى سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ئەگەر بێت و پارێزگاکان هەریەکە داواى بەشە بودجەى خۆى بکات و عێراق بۆى بنێرێت سبەینی پارێزگاکانى دیکەی عێراقیش داواى بەشە بودجەى خۆیان دەکەن ئەو کات دەبێت بۆ ئەوانیش بنێرێت هەروەک چۆن بۆ سلێمانى دەنێرێت، بەتایبەتی پارێزگا سوننەکان کە ئەمەش پێچەوانەی عەقڵیەتی ئێستای حکومڕانی عێراقە کە هەوڵی بەهێزکردنی ناوەند دەدات، نەک جیاکردنەوەی پارێزگاکان.