وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاووڵاتییان: تەنیا ژمارەی چەکەکانتان بێنن و بێبەرامبەر تۆماری بکەن

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان - ھەولێر
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان - ھەولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات تا 21ـی تەمموز مۆڵەت هەیە ژمارەی چەکەکانیان تۆمار بکەن بەپێچەوانەوە بەگوێرەی یاسای چەک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

رۆژی سێشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2023، هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند"تاوەکو 21ـی تەممووز مۆڵەت ماوە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەیە و دەیانەوێت بە فەرمی و بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن؛ دوای ئەو کاتە چەکەکان دەبنە قاچاخ و سزای یاسایی هەر کەسێک دەدرێت پێی بگیرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، چەکەکان بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان تۆمار دەکرێن و هەرکەسێکیش نەیەوێت چەکەکەی لەگەڵ خۆی ببات، تەنیا ژمارەی چەکەکە ببات بۆی تۆمار دەکرێت.

هێمن میرانی باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی رابردوودا بەگوێرەی چاوەڕوانیی ئەوان، هاونیشتمانییان چەکەکانیان نەبردووە تۆماری بکەن. گوتیشی، "زیاتر لە مانگێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، ئەوەش دەرفەتێکی باشە، چونکە ئێستا لێپرسینەوە لە خەڵک ناکرێت بەهۆی هەبوونی چەکەوە مەگەر تاوانێکی پێ بکات، بەڵام لە 22ـی تەممووزەوە لێپرسینەوە دەکرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، داواکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی چەک ئارەزوومەندایە. دەشڵێت، "ئەو کەسانەی چەکەکانیان تۆمار دەکەن، لەماوەی داهاتوودا لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا بازاڕی چەک فرۆشتن بکرێتەوە دەتوانن چەکەکەیان یاساییانە بفرۆشن".

هێمن میرانی داوای لە حیزبەکان، میدیاکان، رێکخراوەکان و هەموو هاونیشتمانییان کرد کە لە تۆمارکردنی چەکدا بۆ بە یاساییبوونی هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن؛ جەختی لەوەشکردەوە، دوای 21 ـی تەممووز هەرکەسێک چەکی پێ بگیرێت بەگوێرەی یاسا سزا دەدرێت، کە لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی و دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن دەبێت.

شوێنی تۆمارکردنی چەک لە پارێزگاکان لەم شوێنانەی خوارەوەن:

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
 
- بنکەی پۆلیسی ئازادی – بەشی پۆلیسی ناوشار-رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی راپەڕین - بەشی پۆلیسی ناوشار- رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە – قەزای عەنکاوە
- بنکەی پۆلیسی خەبات – قەزای خەبات
- بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە – قەزای شەقڵاوە
- بنکەی پۆلیسی پیرمام – قەزای پیرمام
- بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر – قەزای دەشتی هەولێر
- بنکەی پۆلیسی کۆیە – قەزای کۆیە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:
 
- بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ – بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی چوارچرا - بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی سەیدسادق – قەزای سەیدسادق
- بنکەی پۆلیسی شارەزوور – قەزای شارەزوور
- بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان – قەزای دەربەندیخان
- بنکەی پۆلیسی قەرەداخ – قەزای قەرەداخ
- بنکەی پۆلیسی ماوەت – قەزای ماوەت
- بنکەی پۆلیسی پێنجوێن – قەزای پێنجوێن
- بنکەی پۆلیسی شارباژێڕ – قەزای شارباژێڕ
- بنکەی پۆلیسی دووکان – قەزای دووکان
- بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ – قەزای چەمچەماڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک:
 
- بنکەی پۆلیسی نزارکێ – بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی ماڵتا - بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی بەردەڕەش – قەزای بەردەڕەش
- بنکەی پۆلیسی شێخان – قەزای شێخان
- بنکەی پۆلیسی سێمێل – قەزای سێمێل
- بنکەی پۆلیسی ئامێدی – قەزای ئامێدی
 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە:
 
- بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە – بەشی پۆلیسی دەوروبەر
- بنکەی پۆلیسی بیارە – ناحیەی بیارە
- بنکەی پۆلیسی سیروان – ناحیەکانی خورماڵ و سیروان
- بنکەی پۆلیسی بەمۆ – ناحیەی بەمۆ.