پەرلەمانتارێکی کورد لە هەرێمی کراسنەداری رووسیا خەڵات دەکرێت
K24 - مۆسکۆ:
زۆریکێ رۆستەم سادۆیان (-Zorîkê Rostem Sadoyan) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کراسنەداری رووسیا، لەپای ئەو خزمەتەی پێشکەشی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگاکەی کردووە، لە رێورەسمێکی شایستەدا ڤێنامین کۆندراتیڤ پارێزگاری کراسنەدار میدالیای زێڕ و خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش بە زۆریکێ روستەم کرد.
لە ریورەسمەکەدا پارێزگار ئاماژەی بە بەشداری گەورەی زۆریکێ رۆستەم کرد لە پەرەپێدانی کاری پەرلەمانتاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتوانی پایتەختی هەرێمی کوبان و گەشەی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی.
کراسنەدار لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی رووسیا لە ریزبەندی هەشتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی 1 ملیۆن و 100 هەزار کەسە، زۆرترین کورد لە سەر ئاستی رووسیا لەم پارێزگایە دەژین کە ژمارەیان زیاتر لە 22 هەزار کەسە و زۆربەیان بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری و کاری ئازادی ئابوری و بازرگانییەوە سەرقاڵن.
لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان 24 ، زۆریکێ رۆستەم، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: شەرەفێکی گەورەیە بۆ من. سوپاسی پارێزگاری کراسنەدار، ڤێنیامین ئیڤانۆڤیچ کۆندراتیڤ دەکەم، بۆ پێزانینی بە کار و چالاکییەکانم. ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ کاری داهاتوو و دەستکەوتی نوێ بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان.
زۆریکێ رۆستەم لە ساڵی 1972 لە گوندی حەکۆی ئەرمەنستان لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر هاتووەتە دنیاوە، دواتر لەگەڵ کەس و کارەکانی رووی کردووەتە کراسنەداری رووسیا.
دەرچووی قوتابخانەی 27ی کراسنەدارە، پاشان لە کۆلیژی ئابووری زانکۆی میری کوبان بۆ تەکنەلۆژی درێژەی بە خوێندن داوە و لە ساڵی 2003 بەرگری لە تێزی دکتۆراکەی کردووە.
زیاتر لە 10 ساڵە پەرلەمانتاری کراسنەدارە و لە سێ خولدا متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی شارەکەی بەدەست هێناوە و لە ساڵی 2021 وە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کراسنەدارە .
زۆریکێ خێزاندارە و ئەرکی بەخێوکردنی سێ منداڵ و نەوەیەکی کچی لەئەستۆدایە.