رووسیا هەڵبژاردن لەو ناوچانەی ئۆکرانیا دەکات کە کۆنترۆڵی کردوون

K24 - هەولێر

توێژەری رووسی بۆ کاروباری ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا هەوڵدەدات پێگەی خۆی بەهێز بکات لەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە کۆنترۆڵی کردوون، ئەمەش نەک تەنها لە رووی سەربازییەوە بەڵکو لە رووی سیاسییەوە دەیەوێت ئەوکارە بکات، بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن لەو ناوچانە لە مانگی ئەیلولی داهاتوو.

کۆنستانتین سکۆرکین، توێژەری رووسی بۆ کاروباری ئۆکرانیا لە راپۆرتێکدا گوتی، رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلولی داهاتوو هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئەنجام بدات. دەشڵێت: ئامانجی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ بەهێزکردنی دڵسۆزی رووسیایە لەنێو هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەدا، هەروەها ناچارکردنیان بە بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیدا.

سکۆرکین ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر ئاسان بوو هەڵبژاردنەکان بۆ کاتێکی نادیار لەو ناوچانە دوابخرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە دۆخی یاسای سەربازی لەناویاندا، بەڵام کرێملین بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە ئەنجامدانیان و هۆکارەکانی پشت ئەمە زۆرن، یەکەمیان ئەوەیە پێویستە بسەلمێنێت، کاتێک رایگەیاند، کە "لێرە دەمێنێینەوە بۆ هەمیشە".

هەروەها مۆسکۆ هەوڵدەدات دۆخی ئەوناوچانە ئاسایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بەدەستهێنانی خاکەکەی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شەڕەکە نەبووە.

 لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022، کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی رووسیا دەستی بە پرۆسەی یەکخستنی دەسەڵاتی هەڵبژاردنەکانی ناوچە نوێیەکانی رووسیا و راهێنانی کارمەندەکانیان و دامەزراندنی سیستەمێکی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی کرد، کە پێشتر لە رووسیا بەکاردەهێنرا.

هەڵگرانی پاسپۆرتی رووسیا لە کۆماری گەلی لوهانسک و دۆنێتسک کە جیابوونەوەی خۆیان لە ئۆکرانیا راگەیاندبوو، پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا، بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەنگیان دابوو کە سەر بە بازنەکانی هەڵبژاردنی ناوچەی ڕۆستۆڤی رووسیایە.

ئێستا لە بەشێک لە ناوچەی زاپۆریژیا و خێرسۆن، کۆمیسیۆنەکانی هەڵبژاردن بە رووسی دەکرێن، تا ئەو رادەیەی کە کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکان لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا، راستەوخۆ نیوەی ئەندامانی خۆی دەستنیشان کرد.

لە لایەکی دیکەوە دانیشتووان لەژێر فشاری زیاتردان بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامەی رووسی، لە مانگی ئاداردا، ڤلادیمێر پوتن سەرکی رووسیا، رێکارەکانی دەستبەرداربوون لە ڕەگەزنامەی ئۆکراینی ئاسانتر کرد، لە مانگی نیسانیشدا فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی یاسایی ئەو ئۆکراینیانەی دەرکرد کە رەگەزنامەی رووسیا رەتدەکەنەوە، هەروەها هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەیلول دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نوێیەی رووسیا.

سکۆرکین باس لەوە دەکات کە خێراکردنی پرۆسەی سەپاندنی پاسپۆرتی رووسیا لەلایەن ئەو وڵاتەوە لەو ناوچانەی کە لە ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی دەکات، جێگەی نیگەرانییە بۆ کیێڤ.

هاوکات لەگەڵ هیواکانی سەرکردایەتی ئۆکرانیا بۆ هێرشی بەرپەرچدانەوە، بیرۆکە هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی یەکخستنەوەی ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادان، هەروەها مشتومڕی گەرم لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئۆکراینیانەی کە بوونەتە هاووڵاتی رووسیا هەیە.

سکۆرکین دەشڵێت: کیێڤ دەبێت بە روونی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، لە کاتێکدا دیمیترۆ لوبینێز کۆمیساری مافی مرۆڤی ئۆکرانیا ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کردووە کە لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادان، ئەگەر پێویست بکات رەگەزنامەی رووسیا قبوڵ بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە بپارێزن.